ھەندێ بازرگان رەوشەكەیان بۆ گرانفرۆشی قۆزتۆتهوه
هەولێر-KDP.info- ماوەی چەند رۆژێكە نرخی كەلوپەل لە بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستان بەرز بووەتەوە و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیش، وێڕای ئاشكراكردنی گرانفرۆشی، دەڵێ، رۆژانە دەیان شوێن بە ھۆی بەرزكردنەوەی نرخەوە سزا دەدرێن.
نەوزاد كامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ماوەیەكە نرخی بەشێك لە كەلوپەل گران بووە، بە تایبەتی ھەندێ بابەتی خۆراكی، كە چەند ھۆكارێك ھەن، لەوانەش بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و كۆنتڕۆڵكردنی سنوورەكان، چونكە ئێستا ھێنانی كەلوپەل رێك خراوە و ھێنانی بە قاچاخ تا رادەیەك رێگریی لێ كراوە".
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتیشی: "ھۆكارێكی دیكەی بەرزبوونەوەی نرخ، پەیوەستە بە نزیكبوونەوەی مانگی رەمەزان، كە خواست زیادی كردووە و نایشارینەوە ھەندێ بازرگانیش رەوشەكە بۆ گرانفرۆشی دەقۆزنەوە".
كامل، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئێمە رۆژانە لەسەر هێڵین بۆ كۆنتڕۆڵكردنی رەوشی بازاڕ و ژمارەیەك لیژنەی چاودێری زیاد كراون، رۆژیش نییە لیژنەكانی بازرگانی دەیان شوێن بە ھۆی سەرپێچی و گرانفرۆشی و كەلوپەلی ماوەبەسەرچوو سزا نەدەن، لەمەودواش ورتر دەبین لە چاودێریكردنی بازاڕ".
قائید میرۆ




