" داوای درێژکردنەوەی ماوەی نوێکردنەوەی بایۆمەتریی دەنگدەران دەکرێت"
__2021_03_29_h19m35s58__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- کۆتاییی ئەم مانگە ماوەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە عێراق کۆتایی دێت و بەرپرسێکی کۆمسیۆنیش دەڵێت، زۆربەی پارێزگاکان داوای درێژکردنەوەی ماوەی نوێکردنەوەی بایۆمەتریی دەنگدەرانیان کردووە.
عەبدولڕەزاق موشیر، بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری پارێزگای ھەولێر تا ئێستا ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە تۆماری بایۆمەتری گەیشتووەتە زیاتر لە ٦٤% و ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتییان سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن دەکەن بۆ تۆمارکردنی ناوی خۆیان."
بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆن گوتیشی: "کۆتاییی ئەم مانگە ماوەی پڕۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران کۆتاییی دێت، بەڵام ھێشتا ژمارەیەکی زۆری دەنگدەر ماون و دەیانەوێت ناوی خۆیان تۆمار بکەن. لەبەر ئەوەش، زۆربەی ئۆفیسەکانی پارێزگاکانی عێراق داوای درێژکردنەوەی ماوەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیان کردووە و چاوەڕێی بڕیاری کۆمسیۆنین لەو بارەیەوە."
عەبدولڕەزاق موشیر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین ھەرچی زووە سەردانی بنکە و تیمەکانی کۆمسیۆن بکەن بۆ ئەوەی ناوی خۆیان تۆمار بکەن و کارتی نوێ وەربگرن، بە پێچەوانەوە، بەپێی یاسای ھەڵبژاردنەکان، ھەر دەنگدەرێک کارتی نوێی دەنگدانی نەبێت لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا مافی بەشداریی نابێت."
قائید میرۆ




