گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆستی پارێزگای دهۆک دەکرێت

دهۆک -KDP.info- بڕیارە ژمارەیەک بەرپرسی ئیداریی پاریزگای دهۆک بگۆڕدرێن و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆکیش دەڵێت، تا ئێستا چەند کەسێک دیاری کراون بۆ وەرگرتنی پۆستی نوێ.
فەهیم عەبدولڵا، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆستی پاریزگای دهۆک بکرێت و گۆڕانکارییەکەش ئەو قایمقام و بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەری ناحیانە لەخۆ دەگرێت کە چەند ساڵە لە شوێنەکانیان کار دەکەن."
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک گوتی: "پڕۆسەی گۆڕانکارییەکە لە قۆناغی دیاریکردنی کاندیدەکانە و دەتوانم بڵێم بەشێکی یەکلا بووەتەوە و چەند کەسێک دیاری کراون بۆ وەرگرتنی پۆستی ئیداری، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی."
فەهیم عەبدولڵا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دوای کۆتاییهاتنی پڕۆسەکە ناوی کاندیدەکان بە فەرمی ئاڕاستەی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک دەکرێن بۆ ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت."
قائید میرۆ




