مەیادە نەجاڕ: ئەوەی تەگەرە دەخاتە بەر پڕۆژەیاسای بودجە ناکۆکیی نێوخۆی شیعەکانە

بهغدا-KDP.info- مانگێک دەبێت پڕۆژەیاسای بودجەی ۲۰۲۱ی عێراق ئامادەیە و لایەنە سیاسییەکانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەک کورد و شیعە، شیعە و شیعە و شیعە و سوننە بۆ دەنگدان لەسەری ڕێک نەکەوتبوون، دواجار کورد کێشەی نەما، ئێستا شیعە و شیعە و بەشێک لە سوننەکان ناڕازین و هەرکەس داوای زیاتر بۆ خۆی دەکات، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت، ئەم ناکۆکییانەی شیعە و سوننە و شیعەکان لە نێوخۆیان گشتی بۆ لێدانە لە یەکتری.
دوێنێ ۲٨ی ئاداری ۲۰۲۱ دوای کۆبوونەوەی لێژنەی داراییی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگ بە پشکی هەرێمی کوردستان درا و لایەنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر بودجەی ۲۰۲۱ ڕێک کەوتن، بەڵام دواتر کێشەی نێوان لایەنە شیعەکان و بەشێک لە سوننەکان وای کرد دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوە نەچێت و بۆ کاتێکی نادیار دوا خرا.
پەیوەست بەوەی کە چارەنووسی پشکی هەرێمی کوردستان دوای ئەم ناکۆکییانەی لایەنەکانی نێو ئەنجومەنی نوێنەران چی بەسەر دێت، مەیادە نەجاڕ، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کێشەکانی لایەنە شیعەکان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان نییە و لە پڕۆژەی بودجەدا ۱۲٫٦۷ لە سەدا بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە هەر ئەوەیە و وەک خۆیەتی، بەڵام بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا پەرەی پێ بدرێت و بتوانین چارەسەری کێشەکانی تر بکەین، هەرێمی کوردستان بەم پشکە ڕازی بووە کە ۱۲٫٦۷ لە سەدایە. کێشەکە بە گشتی لەسەر قەرزەکانە لە نێوان فراکسیۆنە شیعەکان، هەروەها لەسەر دامەزراندن و گرێبەستەکان و نرخی دۆلارە کە گرانی و هەرزانیی نرخی دۆلار لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە."
مەیادە نەجاڕ گوتیشی: "ئەم دواکەوتن و ناڕازیبوونە گشتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە، هەرکەس داوای زیاتر بۆ خۆی دەکات و دوای پەسەندکردن و تێپەڕاندنی بودجە ئەو پارەیەی کە دەگاتە دەستی حزبە شیعەکان هەر بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری دێنن، بۆیە دەیانەوێت لە یەکتر بدەن، شیعە و شیعە و، سوننە و شیعە؛ بەمەش بەردەوام تەگەرە دەخەنە بەر پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە. ئێستا لە کۆبوونەوەدان و بەردەوامن، تا لە نێوان یەکتری ڕێک نەکەون هیچ وادەیەک بۆ دانیشتنی پەرلەمان دیاری نەکراوە، بەڵام هەرکات گەیشتنە ڕێککەوتن ڕاستەخۆ دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوە دەچێت.''
فایزە کۆیی




