٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئومێد خۆشناو: شاری کۆیە شایستەی ھەموو جۆرە خزمەتکردنێکە

سەرچاوە: KDP.info

کۆیە-KDP.info- ئەمڕۆ پارێزگاری ھەولێر قەزای کۆیەی بەسەر کردەوە و لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، ئومێد خۆشناو پشتیوانیی خۆی بۆ قەزای کۆیە وەک یەکێک لە ناوچە گرینگ و ستراتیژییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر دووپات کردەوە.

لەم بارەیەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەمڕۆ لە قایمقامیەتی قەزای کۆیە لەگەڵ قایمقام و بەڕێوەبەرانی ناحیەکانی سنووری شاری کۆیە کۆ بووینەوە و لە کۆبوونەوەکەدا تەئکیدمان لەسەر ھەماھەنگی و ھاوکاریی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەڤەرەکە بەگشتی لەگەڵ یەکتر کردەوە بۆ خزمەتکردنی شاری کۆیە و رامانگەیاند، کۆیە تایبەتمەندیی خۆی ھەیە، بۆیە ئەم شارە شایستەی ھەموو جۆرە خزمەتکردنێکە، ئامانجی ئێمەش لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا وەکو پارێزگار، خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمانە بەبێ جیاوازی".

سەبارەت بە رەوشی تەندروستی و ھەستیاریی دۆخەکەش بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، پارێزگاری ھەولێر دەڵێت: "جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە پێویستە لە سەرجەم قەزا و ناحیە و گوندەکان، بە ھەموو شێوەیەک تەواوی ھەوڵەکان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان پابەند بن بە ڕێنماییە تەندروستییەکان و بڕیار و راسپاردەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر و لێژنەی باڵای بەرنگاربوونەوەی کۆڕۆنا لە ھەرێمی کوردستان."

ئومێد خۆشناو ڕوونی کردەوە: "پێویستە ھەمووان وەک یەک تیم کار بکەن بۆ ئەوەی چی باشە پێشکەشی دانیشتووانی شارەکەمان و خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی بکەین و ھەوڵەکانتان بخەنە گەڕ بۆ ڕێزگرتن لە ھاووڵاتییان و کەمکردنەوەی ڕۆتین لە ڕاییکردنی کاروبارەکانیان و بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە بە ھیچ کەس و لایەنێک نەدرێت زێدەڕۆیی و سەرپێچی بکاتە سەر موڵکی گشتی."

جێی ئاماژەیە ھەر ئەمڕۆ چوار بەڕێوەبەری ناحیە لە سنووری قەزای کۆیە دەستبەکار بوون.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار