٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆمپانیاکانی ئیسپانیا دێنە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ژووری بازرگانیی ھەرێمی کوردستان گوتی، بڕیارە کۆمپانیاکانی ئیسپانیا بێنە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش ئەم ھەفتەیە سەنتەرێکی بازرگانیی ئیسپانیا لە ھەولێر دەکرێتەوە.

دارا جەلیل خەیات، سەرۆکی ژووری بازرگانیی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کۆمپانیاکانی ئیسپانیا ھەرێمی کوردستان بە شیاو دەبینن بۆ ئەوەی بێن لێرە کاری وەبەرھێنان بکەن، چونکە کەشی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو روویەکەوە لەبارە بۆ کاری وەبەرھێنان و بازرگانی، ئێمەش ھەموو ئاسانکاری و ھاوکارییەکیان دەکەین."

دارا جەلیل خەیات گوتیشی: "بۆ ھاندان و ھاتنی کۆمپانیاکانی ئیسپانیا بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی کاری وەبەرھێنان و بازرگانی بکەن، بڕیارە ئەم ھەفتەیە لە پارێزگای ھەولێر، پایتەختی ھەرێمی کوردستان، سەنتەرێکی ھاوبەشی بازرگانی لە نێوان ئیسپانیا و ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە، ئەمەش ھەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی گەشە بە بواری بازرگانی بدرێت و سوودی زۆریشی دەبێت بۆ ڕاکێشانی کۆمپانیاکانی ئیسپانیا."

گوتیشی: "کردنەوەی ھەر سەنتەرێکی بازرگانی ھەر وڵاتێک لە ھەرێمی کوردستان ھەنگاوێکی گرنگە لە ڕووی بازرگانی و سوودی زۆریشی دەبێت، بۆیە ئێمە ئەو کارە زۆر بە باش و ئیجابی دەزانین."

 

بڵند ئیبراھیم

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار