٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ژووری ھاوبەشی ئۆپه‌راسیۆنی عێراق: پێویستە تا کۆتاییی ئەم مانگە پەکەکە شنگال چۆڵ بکات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ژووری ھاوبەشی ئۆپه‌راسیۆنی عێراق گوتی، ژووری ھاوبەشی ئۆپه‌راسیۆنی عێراق تا کۆتاییی ئەم مانگە دواین مۆڵەتی داوە بە پەکەکە شنگال چۆڵ بکات و رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا جێبەجێ بکرێت، بەڵام حەشدی شەعبی پشتگیری لە پەکەکە دەکات، ئەوەش بووەتە ھۆی ئەوەی پەکەکە لە شنگال بمینێت، بەڵام حکومەت سوورە لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ژووری ھاوبەشی ئۆپه‌راسیۆنی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ژووری ھاوبەشی ئۆپه‌راسیۆنی عێراق بڕیاری داوە کە پێویستە تا کۆتاییی ئەم مانگە پەکەکە شنگال چۆڵ بکات و دەست بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا لەبارەی شنگالەوە بکرێت، چونکە ماوەیەکی زۆرە رێککەوتن کراوە و تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە."

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتیشی: "چەندین ھێز لە شنگال ھەن و تا ئێستا ھیچیان لە شنگال دەرنەچوون و لەوێ ماون و ھۆکاری دەرنەچوونی پەکەکە و ھێزەکانی دیکەش ئەوەیە کە حەشدی شەعبی نایەوێت سوپای عێراق بە ئاسانی کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات و پشتگیری لە پەکەکە دەکات."

تەڵعەت باسی لەوەش کرد: "رەنگە ئەگەر ھێزە عێراقییەکان راستەوخۆ بێن بۆ شنگال، شەڕ دروست بێت، بۆیە ئێستا ھەوڵ دەدرێت و مۆڵەت دراوە بە پەکەکە و ھێزەکانی دی تا کۆتاییی مانگ لە شنگال بکشێنەوە، بۆیە دواوادە بۆ دەرچوونی ئەو ھێزانە ١ی مانگى٤ى ئەمساڵە."

گوتیشی: "کێشە ئەوەیە کە پەکەکە بەشێکە لە حەشدی شەعبی و ئەگەر جلی خۆیشیان لەبەر نەکەن، جلی حەشدی شەعبی دەپۆشن، بۆیە ئەمە بووەتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی پەکەکە لە شنگال بمینێت، بەڵام حکومەت سوورە لەسەر ئەوەی پەکەکە لە شنگال نەمینێت و ھێزە عێراقییەکان شوێنی ئەوان بگرنەوە و ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا لەبارەی شنگالەوە جێبەجێ بکرێت."

بڵند ئیبراھیم  

 

هەواڵی پەیوەندیدار