٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی، سەرقاڵی خۆئامادەكردنە بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەكارییەكانی بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو دەست پێكردووە و بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنیش دەڵێ، كار بۆ دیاریكردنی كاندید و بریكارەكانی پارتی دەكەن بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو. دەشڵێ: "لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ـدا دەیان ھەزار دەنگی ئێمە بەفیڕۆ چوون".

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی سەرقاڵی خۆئامادەكردنە بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و لەسەر چەند خالێك كار دەكرێت، لەوانەش بەشداریی ھاووڵاتیان و دەنگدەران لە پڕۆسەی بایۆمەتری و یەكلاكردنەوەی پرسی دەنگدەرە ئاوارەكان، چونكە نامانەوێ ھیچ كەسێك لە مافی دەنگدان بێبەش بكرێت".

لەبارەی پڕۆسەی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی پارتی، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردن گوتی: "دەزگا كار بۆ دیاریكردنی كاندیدانی پارتی بۆ پەرلەمانی داھاتوو و هەروەها دیاریكردنی بریكارەكانی پارتی بۆ سەر سندووقەكانی دەنگدان دەكات، پڕۆسەكە بەردەوامیی ھەیە و ھێشتا نەگەیشتووینەتە قۆناغی كۆتایی، بەڵام رۆژانی ھەینیش كار بۆ ئامادەكارییەكانی ھەڵبژاردنی عێراق دەكەین".

گۆران ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لە ھەڵبژاردنەكانی رابردووی ساڵی ٢٠١٨ـدا، دەیان ھەزار دەنگی ئێمە بە ھۆی كەمتەرخەمیی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بەفیڕۆ چوون، ھیوادارین ئەمجارە دووبارە نەبێتەوە و كۆمسیۆن بە تەواوەتی كار بۆ نەھێشتنی  كێشەكانی رابردوو بكات، ئێمە خۆمان بۆ رۆژی ھەڵبژاردن ئامادە كردووە و ئەگەریش دوا خرا، پابەندی بڕیاری دواخستن دەبین".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار