د. ڤیان: بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند بکات

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند بکات و دەنگیش لەسەر ئەو دەقە دەدرێت، کە ھەرێم و بەغدا لەسەری رێککەوتوون.
د. ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە ئەمڕۆ سەعات ٣:٠٠ی دوای نیوەڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە و تێیدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ئەمساڵ بدرێت، ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەسەر بودجە بۆ ئەمڕۆ دواخرا، بۆیە ھیوادارین ئەمڕۆ پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند بکەین".
سەبری گوتیشی: "تاوەکو ئێستا شاندی ھەرێم و لایەنە شیعەکان لەسەر ئەو دەقە رێک کەوتوون، کە پێشتر رێککەوتنی لەسەر کراوە و گۆڕانکاریی تێدا نەکراوە، ھیواداریشین ئەمڕۆ ھەر ئەو دەقە دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت، چونکە رێککەوتن لەسەر ئەو دەقە کراوە".
ناوبراو باسی لەوەش کرد، شاندی ھەرێمی کوردستان لە بەغدایە و بەردەوام دەبێت لە ھەوڵەکان، تاوەکو پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند دەکرێت، چونکە ئەو بودجەیە نەک تەنھا بۆ ھەرێم، بەڵکو لە بەرژەوەندیی ھەموو عێراقدایە.
بڵند ئیبراھیم




