بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێم: پلانمان بۆ ئەنجامدانی زیاتر لە ٨٠ پڕۆژەی ستراتیژی داناوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان گوتی، بەپێی ئەو پلان و بەرنامەیەی دایانناوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە لە بواری ئاو و ئاوەڕۆ، بڕیارە بۆ ئەمساڵ ٨٣ پڕۆژەی ستراتیژی و نزیکەی ٣٠٠ پڕۆژەی ئاسایی جێبەجێ بکرێن کە ئەو پڕۆژانە گرنگی و سوودی زۆریان بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت.
بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان، ئاری ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەموو ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دیناری تەرخان کردووە و ئێمەش چاوەڕێین بزانین کەی ئەو پارەیە خەرج دەکرێت، جا لە ڕێگەی وەزارەتەوە بێت، یاخود لە ڕێگەی پارێزگاکانەوە بێت."
ئاری ئەحمەد گوتیشی: "ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ھەرێمی کوردستان دەرخستەمان ئامادە کردووە بۆ ئەمساڵ بۆ ئەوەی ٨٣ پڕۆژەی ستراتیژی لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەین کە پڕۆژەی زۆر گەورەن و چاوەڕێ دەکەین حکومەت پارەمان بۆ خەرج بکات و دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بکەین."
ئەحمەد ڕوونیشی کردەوە: "پلانمان بۆ نزیکەی ٣٠٠ پڕۆژەی ئاساییش داڕشتووە و ئەولەویەتمان بۆ ئەو پڕۆژانە داناوە، ھەرکاتێک دەرفەت ڕەخسا دەست بە جێبەجێکردنیان دەکەین."
گوتیشی: "جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە گرنگی و سوودی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت."
بڵند ئیبراھیم




