د. بەشیر حەداد: پشکی ھەرێم ڕێگر نییە لە بەردەم پەسەندکردنی بودجەدا

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ حکومەتی عێراق و لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق کۆ بوونەوە و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، جگە لەو دەقەی لە حکومەتەوە ھاتووە، یان ئەوەی لیژنەی دارایی پەسەندی کردووە ھیچ گۆڕانکارییەکی دیکە لەبارەی پشکی ھەرێمی کوردستانەوە قبووڵکراو نییە.
د. بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەمڕۆ باس لە پشکی ھەرێمی کوردستان نەکرا لە پەرلەمانی عێراق، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە پشکی ھەرێمی کوردستان گرێکوێرەی بەردەم پڕۆژەەیاسای بودجەی گشتیی عێراق نییە، بەڵکو پرسی دابەزاندنی نرخی دۆلار و قەرز و بڕینەوەی مووچە بۆ ھەندێ توێژ لە ناوچە سوننەنشینەکان ڕێگرن لە بەردەم تێپەڕاندنی بودجە، بەڵام ھەندێ لایەن دەیانەوێت لە ڕاگەیاندنەکاندا وا پێشان بدەن کە گوایە پشکی ھەرێمی کوردستان ڕێگرە لە بەردەم تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "ھەرێمی کوردستان ھەر لە سەرەتاوە ڕەزامەند بووە لەسەر ئەو دەقەی لە لایەن حکومەتەوە نێردراوە، ھەروەھا ھەرێم ڕازی بووە لەسەر ئەو ڕاستکردنەوەیەی بۆ ماددەی ١١ی بودجە کراوە، ئەوەش دوای ڕێککەوتنی شاندی ھەرێمی کوردستان و لیژنەی دارایی کە بووەتە دەقێکی باوەڕپێکراو، واتە ھەرێمی کوردستان بە ھەردوو ڕێککەوتنەکە ڕازییە، چ ئەوەی لە حکومەتەوە ھاتووە، یان ئەوەی لیژنەی دارایی دەنگی لەسەر داوە."
د. بەشیر حەداد ڕوونی کردەوە: "ئێمە وەک نوێنەرانی کورد و سەرۆکایەتیی پەرلەمان مامەڵە لەگەڵ ئەو دەقە دەکەین کە پەسەند کراوە، بەڵام یەک پیت بۆ ئەو دەقەی لەنێو لیژنەی دارایی دەنگی لەسەر دراوە زیاد بکرێت، یان ھەر گۆڕانێک بکرێت جێگەی قبووڵ نییە، مەگەر جارێکی دیکە دەنگی لەسەر بدرێتەوە، بۆچوونێک ھەیە ئەو گۆڕانکارییەی کراوە لەنێو ئەو دەقەی زیاد کراوە بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام دیار نییە ئەندامانی لیژنەی دارایی ڕازی دەبن، یان ڕازی نابن."
د. بەشیر حەداد دەشڵێت: "ئەمڕۆ داوامان کردووە ئەو کێشە و داواکارییانەی ھەیە تەواو بکرێت، شاندی حکومەتی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی بگەنە ئەنجامێک و دووبارە دەنگی لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی بەیانی دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بدرێت و چیی تر دوا نەکەوێت، چونکە دواخستنی پڕۆژەیاسای بودجە کاریگەریی زۆری لەسەر ژیانی ھاووڵاتییان دەبێت."
قائید میرۆ




