شنگال.. سوپای عێراق هێزێكی زۆری كۆكردۆتەوە.. ماوەی پەكەكە تەواو بووە

شنگال-KDP.info- فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگەی شنگال دەڵێ، پەكەكە و سوپای عێراق لە شنگال بەرامبەر یەكتری وەستاون و، سوپای عێراقیش هێزێكی گەورەی لە شنگال كۆ كردووەتەوە.
عەقید لوقمان گلی، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سوپای عێراق هێزێكی گەورەی لە شنگال كۆ كردووەتەوە و پەكەكەش هەموو هێزەكانی خۆی ئامادە كردووە، بۆیە لە چیای شنگالدا هەردوو هێز بەرامبەر یەكتری وەستاون".
ئەو فەرماندەیە گوتیشی: "ماوەكەی پەكەكە تەواو بووە، سوپای عێراقیش ئەو فەرماندانەی سوپاكەی گۆڕیون كە هاوكاریی پەكەكەیان دەكرد، هەروەها هەموو ڕێگاكانی نێو شارۆكەكانی شنگال و چیایەكەی بەسەر پەكەكەدا داخستوون، پەكەكەش دەیەوێ بە ناوی ئێزدییانەوە شەڕێك دژی سوپای عێراق بەرپا بكات".
گلی ئاماژەیشی دا، كەتیبەی پشتیوانیی سوپای عێراق و لیوای ''دووپشك'' لە شنگالن، چونكە ئەمە چەندین جارە سوپای عێراق داوا لە پەكەكە دەكات هێزەكانی لە شنگال دەربچن، كەچی ناچنە دەرەوە، بۆیە ئەمجارە سوپای عێراق بێ ئەوەی گفتوگۆ بكات، بە زەبری هێز پەكەكە دەكاتە دەرەوە.
كاروان بـاعەدری




