"سوپای عێراق داوای ھەماھەنگی لە پێشمەرگە دەکات"
__2021_03_25_h19m51s54__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- فەرماندەیەکی سوپای عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی داعش داوای ھاوکاری و ھەماھەنگی لە پێشمەرگە دەکات و بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، یەکێک لە داواکارییەکانی پێشمەرگە ھەماھەنگی بووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.
لیوا بابەکر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشتریش و ئێستاش یەکێک لە داواکارییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە پێکھێنانی ژووری ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش بووە لە نێوان پێشمەرگە و هێزی بەرگریی عێراق بۆ زۆر پرس، لەوانەش بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بەڵام ئەوە وەزارەتی بەرگریی عێراقە کە ئامادە نەبووە بۆ پێکھێنانی ژووری ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش."
بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "چەندین کۆبوونەوە لە نێوان ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق کراوە و پێویستە ھەماھەنگیی باش ھەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، چونکە ڕەوشەکە پێویستی بە ھاوکاریی یەکترە لە ئاستی جیاوازدا."
لیوا بابەکر فەقێ ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "ڕاستە داعش ئەو مەترسییەی پێشووتری نەماوە، بەڵام مەترسیی دەرکەوتنی ئێستای داعش لەسەر عێراق کەم نییە، بەتایبەتی ماوەیەکە لە ھەندێ ناوچەی عێراق چەکدارانی داعش خۆیان ڕێک خستووەتەوە و کردەوەی تیرۆریستی بەڕێوە دەبەن و ھەماھەنگی و بەشداریی ھاوبەش بۆ لەناوبردنی داعش لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزارەتی پێشمەرگەیە و ھەرکات بە پێویست زانرا ئەوە وەزارەت بڕیار لەوبارەیەوە دەدات."
قائید میرۆ




