رۆڵى یەکێتى قوتابیان و لاوانى کوردستان لە شۆڕشى گوڵاندا

بەشى 1
فریاد بارزانى: بزوتنەوەى قوتابیان و لاوانى کوردستان وەکو هەموو بزوتنەوەیەکى هاوچەشنى خۆى لە گەڵ سەرهەڵدان و گەشەکردنى بزوتنەوەى ئازادیخوازى نەتەوەیى و نیشتمانى سەرى هەڵداو بەرەوپێشەوە چووە.
سەفەر یوسف میرخان ژاژوکى
لە 18ى شوباتى ساڵى 1953 لە هەنگاوێکى دیموکراتى و مەدەنیانەدا پارتى دیموکراتى کوردستان بە سەرۆکایەتى رابەر و سیمبولى نەتەوەییمان بارزانیى نەمر بڕیارى دروستکردنى رێکخراوەکانى قوتابیان و لاوانى دەرکرد. ئەو دوو رێکخراوە لە مێژووى تێکۆشانیاندا وەک جەمسەرێکى کاراى نێو بزاڤى رزگاریخوازى گەلەکەمان ئەژمار دەکرێن، چونکە رۆڵێکى کارایان لە خەباتى هەمە لایەنى شۆڕشى کوردستاندا گێڕاوە و لە بوارى پێشمەرگایەتى و کۆمەڵایەتى و کەلتورى و خوێندن و پەروەردە و هەستى نەتەوایەتى و تەنانەت لە لایەى راگەیاندن و رۆژنامەڤانى کوردیشدا جێ دەستیان دیارە و قۆناغ بە فۆناغ لە ژێر رۆشنایى و ستراتێژییەتى نەتەوەیى و دیموکراتیانە رێبازى بارزانى دا سەروەرى گەلێکى پڕ دەستکەوت و جێى شانازیان تۆمار کردووە. ئێمەش بۆ هەڵدانەوەى چەندین لاپەڕەیەک لەو مێژووە پڕ بەرهەمەى قوتابیان و لاوان لە بیرەوەرى 60 ساڵەى دامەزراندنى ( یەکێتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان) بە پێویستمان زانى لە نزیکەوە دیمانەیەک لە گەڵ بەڕێز(فریاد بارزانى) ئەندامى مەکتەبى گشتى رۆشنبیرى و راگەیاندنى پێشمەرگە و سەرنوسەرى گۆڤارى پێشوى دەنگى پێشمەرگە ساز بدەین، بەڕێزیان یەکێک لە کادرە دێرینەکانى قوتابیان و لاوان و سالانێک ئەندامانى سکرتارییەتى یەکێتى قوتابیان و لاوان بووە، یەکێکە لەو قوتابیە ئاوارەکان بکە چوویتە ویلایەتى ئەمەریکا بۆ خوێندن و لەوێش خزمەتى بەرچاوى هەبووە بۆ دۆزى گەلەکەى و ناساندنى کلتورى نەتەوەکەمان بە گەلانى دونیا و پلە و بەرپرسیارەتى جۆراوجۆرى وەرگرتووە...
• لە بارەى گرنگى هۆکارى دامەزراندنى رێکخراوى یەکێتى قوتابیان و لاوان، بەڕێز (فریاد بارزانى) گوتى:
لە راستى دا بزوتنەوەى قوتابیان و لاوان لە ساڵانى سەرەتاى نیوەى دووەمى سەدەى بیستەمدا سەرى هەڵدا، لە کۆنگرەی سێیەمى پارتى دیموکراتى کوردستان بە رابەڕایەتى باوکى نەتەوەی کورد بارزانیى نەمر 60 ساڵ پێش ئێستا بڕیارى دامەزراندنى یەکێتى قوتابیانى کوردستان و یەکێتى لاوانى کوردستان درا. بزوتنەوەى قوتابیان و لاوانى کوردستان وەکو هەموو بزوتنەوەیەکى هاوچەشنى خۆى لە گەڵ سەرهەڵدان و گەشەکردنى بزوتنەوەى ئازادیخوازى نەتەوەیى و نیشتمانى سەرى هەڵداو بەرەوپێشەوە چووە.قوتابیان و لاوانى کوردستان لەوە بە ئاگا بوون تاکو مافەکانى گەلى ژێر دەستە نە یەتە دى مافەکانى قوتابیان و لاوانى ئەو گەلەش هەر پێشێل کراو دەمێنێ، بۆیە هەر لە سەرەتاوە جموجوڵى بزوتنەوەى قوتابیان و لاوانى کوردستان گرێدراوى بزوتنەوەى ئازادیخوازى کوردستان بوونە و لێکدانەبڕوان و وەکو پەلێکى گرنگى نێو بزوتنەوەى ئازادیخوازى نیشتمانى بێیان ناوەتە قۆناغەکانى پێشکەوتوو گرنگى مێژوویى یەوە.یەکێتى قوتابیانى کوردستان و یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان توانییان لە مێژووى خەباتى خۆیدا جێگەیەکى پڕشنگدار و پڕ لە بەرهەم و سەروەرى لە مێژووى گەلى کورد بنەخشێنن، بە تایبەتى لە شۆڕشى ئەیلولى مەزندا قوتابیان و لاوانى کوردستان خۆیان دەگەیاندە ریزەکانى شۆڕش و لە خەباتى سیاسى و رۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى و پێشمەرگایەتیدا رۆڵێکى پیرۆز و بەرچاویان دەبینى.ئەم دوو رێکخراوە تێکۆشەرە بایەخى تەواوى بەپڕەنسیپەکانى دیموکراتیەت داوە، بۆ هەیکەلى رێکخستن و سەرکردایەتى خۆى هەرچەند ساڵێک بە پێى بارودۆخى ئەو قۆناغە کۆنفراس و کۆنگرەى ئەنجام داوە، بۆ نموونە یەکێتى قۆتابیانى کوردستان (14) کۆنگرەى بەستووە و یەکیتى لاوانى دیموکراتى کوردستان (7) کۆنگرەى بەستووە.
• دواى پیلانە شوومەکەى جەزائیر لە ساڵى 1975 رۆڵى یەکێتى قوتابیان و لاوانى کوردستان چۆن بوو؟ بەڕێز (فریاد بارزانى) گوتى:
هەروەک دەزانن ژمارەیەکى زۆر خەڵکى کوردستانى ئێراق بەرەو ئێران بە رێکەوتن، لەناویشیاندا ژمارەیەکى زۆر مامۆستا و قوتابى و لاو هەبوون، دواى ئەوەى چەکى پێشمەرگە شاردرایەوە، ئەو خەڵکە روویان لە سنوورى ئێران کرد، لە لایەن بارەگاى بارزانیى نەمر لێژنەیەکى تایبەت بۆ سەرپەرشتى و هاوکارى کردن ئەو ئاوارانە دامەزرا بوو، بە درێژایى رێگا هاوکارى ئاوارەکانى دەکرد و چەندین بنکە هەبوون بۆ ئەوەى خۆراک و ئەوەى پێویستە لەو بارودۆخە سەختەدا بۆ ئەو ئاوارانە بکرێ، بێتەلەکانى شۆڕش بە بەردەوامى پەیوەندییان بە بارەگاى بارزانیى نەمر دەکرد و هەواڵى ئاوارەکانى پێ رادەگەیاند، ئاوارەکان بە سێگوشەى سنوور گەیشتن هەندێکیان بە هێلیکۆپتەرو ئەوانى تر بە رێگاى کێلەشین بەرەوشارى شنۆ بە رێکەوتن. لێژنەکە دوایین کەس بوون بەرەو ئێران هاتن، شەهید ئیدریس بارزانى هەمیشە لە یاد لە شارى شنۆ لە پێشوازى ئاوارەکان بوو، لە کاتى گواستنەوەیاندا ئامۆژگارى دەکردن و داواى لێ دەکردن یەکڕیزى خۆیان بپارێزن و کەسێکى دەستنیشان دەکرد و داواى لەوانى تر دەکرد گوێ رایەڵى بن، ئێمەیان بەرەو شارى نەغەدە گواستەوە هەر دواى چەند رۆژێک لە لایەن لێژنەیەکى تایبەت بانگهێشت کراین و لە قوتابخانەکانى ئەو شارە بەردەوامیمان بە خوێندن دا، ئەوەى لەو رۆژانە بە بەردەوامى گوێت لێ دەبوو ئەو رستەیە بوو: بەم نزیکانە جارێکى تر شۆڕش دەست پێ دەکاتەوە شاى ئێران هەستى بەوە کرد بوو شۆڕشى کورد دەست پێ دەکاتەوە، بۆیە ئەو ئاوارانەى بەسەر شارو شارۆچکەکانى ئێراندا دابەش کرد. بەڵام هەر لە ساڵى 1975 دا لە لایەن بەرێزان (مسعود بارزانى و ئیدریس بارزانى) وەفدێک بۆ سوریا نێردرا بوو بۆ ئەوەى دەست بە شۆڕش بکرێتەوە، چەندین هێڵى رێکخستن لە ناوەوەى وڵات و لە ئاوارەییدا دروست ببون، چەندین مەفرەزەى پێشمەرگە لە سەر سنوورى تورکیا جێگیر کرا بوون یەکێتى قوتابیانى کودستانیش لە دەڤەرى زاخۆ رێکخراوى (خەباتى) دامەزراند کە شەهید رێبەرمەلاحوسێن سەرپەرشتى دەکرد، لە پارێزگاى هەولێریش رێکخراوى (شیرین) دامەزرابوو.
• لە ئاوارەیدا رێکخراوەکانى قوتابیان و لاوان کە دەست بە کار بوون و چەندین رێکخراویان دروست کرد و کۆنفراس بەسترا و لەو زروفە سەختەدا رۆڵێکى بەرچاویان هەبووە، لەم بارەیەوە بەڕێز (فریاد بارزانى) گوتى:
لە 26 ى گوڵانى ساڵى 1976 فەرمى موژدەى درێژەدان بە شۆڕش و هەڵگیرساندنى شۆڕشى گوڵان راگەیەنرا. و لێرەوە رۆژ بە رۆژ رێکخستنەکانى پارتى و رێکخراوە جەماورییەکان بە شێوەیەکى نوێ و پتەو لە ناوەوە و لە دەرەوەى وڵات پەرەى سەند.یەکەم رێکخراوى یەکێتى قوتابیانى کوردستان لە شارى کەرەج دامەزا، ئەو هەڤاڵانەى رۆڵێکى کاریگەریان هەبوو لە رێکخستەوەى یەکێـتى قوتابیانى کوردستاندا ئەمانە بوون:حامد عەبدولرەحمان، دڵشاد بارزانى، ئیبراهیم عەبدولکەریم، جاسم ئەحمەد.هەرچەندە رژێمى ئێران چاودێرێکى توندى خستبووە سەرجموجوڵى پەنابەران و هات و چوونیان بەرتەسک کرا بوو، بەڵام هەر زوو هێڵى رێکخستن لە شارەکانى (تاران، ساوە، ئەسفەهان، قەزوین، ئەلوەند، شیراز، نەغەدە، شنۆ و ئۆردوگاى زێوە) بە نهێنى دروست کران، دواى سەرکەوتنى شۆڕشى گەلانى ئێران لە 11/2/1979 دەرفەتێکى باش بۆ بزوتنەوەى رزگاریخوازى کورد رەخسا، قوتابیان و لاوانى ئاوارەش ئەم هەلەیان بە چاکترین شێوە قۆزتەوەو رێکخستنەکانى خۆیان پەرە پێ داو لە ناوەوەى وڵاتیش هەردوو یەکێتى قوتابیانى کوردستان و یەکێى لاوانى دیموکراتى کوردستان لقەکانى دیکەى خۆیان دامەزراندەوە و رێکخستن لە ناو شارو شاروچکەکانى کوردستان و لە ناو زانکۆ و پەیمانگاکانیشدا پەرەى سەند.یەکێتى قوتابیانى کوردستان کۆنفرانسى یەکەمى خۆى لە 22/23ى ئادارى ساڵى 1980 لەشارى کەرەج بەست، لقى ئێرانى یەکێـتى قوتابیانى کوردستان دامەزرا و دەنگى قوتابى وەکو ئۆرگانى خۆیان بڵاوکردەوە، شەهید حاجى عەبدولرەحمان وەک یەکەم بەرپرسى لق دەست بە کار بوو لە نەورۆزى ساڵى 1982 دا کۆنفراسى دووەمى یەکێتى قوتابیانى کوردستان بە بەشدارى (70) نوێنەر بەستدا و هەڤاڵى شەهید حاجى عەبدولرەحمان دیسان وەک بەرپرسى لق هەڵبژێردرایەوە، لەو کۆنفرانسەدا چەندین بڕیارى گرنگ دران، پاشان سێیەمین کۆنفراسى قوتابیان لە 1-3ى تەموزى ساڵى 1983 لە کەرەج بەسترا.
تیبنى: بەشى یەکەم لە ژمارەى (4261) ى رۆژنامەى خەبات لە (18/2/2013) بڵاو بوویتەوە.




