سه‌فین دزه‌یی باسی ئەو رۆژانە دەکات کە نەورۆزیان لە تورکیا یاد کردەوە

ھەولێر-KDP.info- به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه كاتی خۆی به‌رپرسی نوێنه‌رایه‌تیی پارتی بوو له ئه‌نقه‌ره، باس له ڕووداوێكی مێژوویی ده‌كات كه كاتی خۆی به‌هۆی یادكردنه‌وه‌ی نه‌ورۆزه‌وه له توركیا ڕووی داوه و په‌یامێكیشی بۆ خه‌ڵكی كوردستان هه‌یه كه له ساڵیادی نه‌ورۆزدا پابه‌ندی ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌كان بن.
٢١ ساڵ پێش ئێستا ڕووداوێكی گرنگ له ئه‌نقه‌ره ڕووی دا، به‌هۆی ئه‌و ڕووداوه‌وه هەڕەشە‌ی داخستنی نوێنه‌رایه‌تیی پارتی له توركیا كرا، سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕووداوه‌كه بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت: "له شوباتی ساڵی 1992 تا ته‌مووزی ساڵی 2003 وه‌ك نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان له ئه‌نقه‌ره ده‌ستبه‌كار بووم، له‌و ماوه‌یەدا هه‌وڵم دا به باشترین شێوه نوێنه‌رایه‌تی بكه‌ین، هه‌رچه‌نده بارودۆخه‌كه زۆر زه‌حمه‌ت بوو، به‌تایبه‌ت له نه‌وه‌ده‌كان، ناوهێنانی كورد، یان هه‌ر جموجۆڵێك به ناوی كورد له توركیا گرفتی بۆ دروست ده‌بوو، به‌تایبه‌ت بۆ كورده‌كانی باكوور، له‌و كاته‌دا له جه‌زیره و دیاربه‌كر، هه‌ندێك هه‌وڵ هه‌بوون ساڵانه ئاهه‌نگی نه‌ورۆز بگێڕدرێت، به‌ڵام گرتن و توندوتیژی و تۆقاندنی لێ ده‌كه‌وته‌وه، له ئه‌نقه‌ره‌ش وه‌ك نوێنه‌رایه‌تی، ده‌مانبینی هه‌موو باڵیۆزخانه‌كان له یادی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌ییی خۆیاندا ئاهه‌نگ ده‌گێڕن، ئێمه نه‌مانده‌توانی به‌و شێوه‌یه ئاهه‌نگ بگێڕین، به‌ڵام له ماڵه‌وه له ڕۆژی نه‌ورۆز چه‌ند دیپلۆماتكار و چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مان و كه‌سایه‌تیی جڤاتی 20 تا 30 كه‌سێك سه‌ردانیان ده‌كردین و ئاهه‌نگێكی خنجیلانه‌مان تێدا ده‌كرد".

سه‌فین دزه‌یی ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو: ''له ساڵی 2000 ته‌ماشای بارودۆخه‌كه‌مان كرد له توركیا بیرمان له‌وه كرده‌وه كه له ڕۆژی نه‌ورۆزدا ئاهه‌نگێكی فه‌رمی بگێڕێن، له‌و بارەیە‌وه نووسراوێكی فه‌رمیمان پێشكه‌ش به وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا كرد كه نیازمان هه‌یه ئه‌و ئاهه‌نگه بگێڕین و به فه‌رمی وه‌ڵاممان نه‌درایه‌وه، به‌ڵام ڕێكاری تایبه‌ت گیرانه‌به‌ر، پۆلیس و ئاسایش له‌و شوێنه‌ی دیاریمان كردبوو له ''ئۆتێل شیراتۆنی ئه‌نقه‌ره'' ئاماده بوون، بانگێشتمان بۆ باڵیۆزخانه و كه‌سایه‌تیی جڤاتی و به‌رپرسانی حكوومیش نارد، 5 وه‌زیری هه‌رێمی كوردستانیش ئاماده بوون، خوالێخۆشبوو د. شه‌فیق قه‌زاز، نازه‌نین خان، نه‌سرین به‌رواری، حوسێن سنجاری و فه‌لاح مسته‌فا به‌شدار بوون، جگه له به‌شداربووانی هه‌رێم، له ئه‌نقه‌ره‌ش كۆمه‌ڵێك باڵیۆزی وڵاتان وه‌ك ئیتالیا و ئه‌ڵمانیا و فه‌له‌ستین و ئه‌مه‌ریكا و پاكستان و نه‌رویج و به‌ریتانیا و كۆمه‌ڵێك دیپلۆماتكار له وڵاتانی دیكه‌ش به‌شدار بوون، هه‌روه‌ها چه‌ندین په‌رله‌مانتاری توركیا، به‌تایبه‌ت په‌رله‌مانتاره كورده‌كان و چالاکانی كوردستانی باكوور و سه‌رمایه‌داران و ڕۆژنامه‌نووسان و كه‌ساتی جڤاتی به‌شدار بوون، له‌و ئاهه‌نگه كه ئێواره‌ی ڕۆژی نه‌ورۆز به‌سترا، ژماره‌یه‌كی زۆر له كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان ڕووماڵی ئه‌و ئاهه‌نگه‌كیان كرد."
زیاتر له‌و بارەیە‌وه قسه ده‌كات و ده‌ڵێت: "ئه‌و ئاهه‌نگه بووه بابه‌تێكی گرنگی ڕۆژنامه‌كانی توركیا و ده‌نگدانه‌وه‌ی باشی هه‌بوو، بۆ ڕۆژی دواتر، به‌تایبه‌ت نه‌ژادپه‌رسته‌كان زۆر به توندی دژی ئه‌و ئاهه‌نگه وه‌ستانه‌وه و داوایان له حكومه‌ت كرد ئیجرائاتی ته‌واو و توند به‌رانبه‌ر به نوێنه‌رایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان بگرێتەبەر، چونكه نوێنه‌رایه‌تیی پارتی وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ ته‌سەڕو‌فی كردووه و ئه‌و ئاهه‌نگه‌ی له‌ناو جه‌رگه‌ی ئه‌نقه‌ره كردووه، بۆیه ده‌بێت ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه دابخرێت و نوێنه‌ریش له توركیا ده‌ربكرێت، ئه‌وه بووه بابه‌تێكی گه‌رم له توركیا و هه‌موو میدیاكان و ڕۆژنامه‌كان باسیان كرد. ئەوكاته به فه‌رمی له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا بانگێشت كراین، نیگه‌رانیی خۆیان ده‌ربڕی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌و ئاهه‌نگه، ئێمه‌ش نووسراوه فه‌رمییه‌كانی خۆمان پێ نیشان دان كه به فه‌رمی ئه‌وانمان ئاگادار كردووه‌ته‌وه كه ده‌نگیان نه‌بووه و ئاسایشی شوێنه‌كه‌ش ئه‌وان دابینیان كردووه، بۆیه بێبه‌ریکردنی خۆتان له‌و ئاهه‌نگه له شوێنی خۆی نییه، ئه‌م ئاهه‌نگه به شێوه‌یه‌كی ئاشتی بووه و هیچ له چوارچێوه‌ی سیاسی و ورووژاندنی بابه‌تی هه‌ستیار نه‌بووه."

رایشی گه‌یاند: له سه‌روبه‌ندی ئه‌و ڕووداوه لایه‌نه كوردستانییه‌كان پشتیوانی‌یان كردین كه شتێكی زۆر باش بوو، سه‌ركه‌وتووه، بۆ یه‌كه‌م جاره ئاهه‌نگی فه‌رمیی نه‌ورۆز له پایته‌ختی تورکیه ببه‌سترێت، له دوای چه‌ند ڕۆژێك له‌و ئاهه‌نگه شاندێكی فه‌رمیی پارتی سه‌ردانی ئه‌وروپای ده‌كرد، سه‌رۆكی شانده‌كه به‌رێز نێچیرڤان بارزانی بوو، به ڕێگای ئه‌نقه‌ره سه‌فه‌ریان ده‌كرد، دیداریان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا هه‌بوو، ئه‌و بابه‌ته‌ی نه‌ورۆزیش له‌وێ باس كرا، كاك نێچیرڤان بارزانی، به بوێرانه و ڕاشكاوانه به لایه‌نی توركیای گوت: ''ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستتانه نوێنه‌رایه‌تتی پارتی له توركیا دابخرێت، ئێمه دوو ئۆفیسمان هه‌یه، یه‌كێكیان له ئه‌نقه‌ره و ئه‌وی دیكه له دیاربه‌كر هه‌درووكیان داده‌خه‌ین، به‌ڵام ئێوه‌ش پێویسته نوێنه‌رایه‌تیی خۆتان له هه‌رێمی كوردستان دابخه‌ن''، ئه‌و كاته جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا كه‌سێكی لیبراڵ و تێگه‌یشتوو بوو، هه‌وڵی دا بارودۆخه‌كه هێور بكاته‌وه و توانیی بارودۆخه كۆنترۆڵ بكات و هیچ ئاقارێكی خراپ له په‌یوه‌ندییه‌كاندا ڕوو نه‌دا و له كاره‌كانی خۆمان به‌رده‌وام بووین و بابه‌ته‌كه كۆتایی پێ هات".
سه‌فین دزه‌یی ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو: "ساڵی دواتر له 2001 له دیارترین مه‌یدانی ئه‌نقه‌ره به ناوی مه‌یدانیکە (kizilai) له‌وێ ناسراوه، ئه‌وكاته تانسۆ چیله‌ر ئاگری نه‌ورۆزی كرده‌وه و خۆی به‌سه‌ر ئاگری نه‌ورۆزدا بازی دا، به واتای دیكه نه‌ورۆز له دوای ساڵی 2000ه‌وه بووه ئامرازی ئاهه‌نگی نیمچەفه‌رمی، ئێستا خۆشبه‌ختانه له هه‌موو توركیا و له ده‌ڤه‌ری كوردیی باكوور نه‌ورۆز به شێوه‌یه‌كی ئازادانه یادی ده‌كرێته‌وه، هیوادارین هه‌موو نه‌ورۆزه‌كان به‌بێ كێشه و گرفت و توندوتیژی تێپه‌ڕێت، خه‌ڵك بتوانن هه‌موو ئاهه‌نكێگ به خۆشی و شادی و ئاشتیی گه‌لان بگێڕن و ببنه مایەی ئاشتی و یه‌كڕیزی و برایه‌تی له نێوانیان، ئه‌مڕۆش له كوردستان كه ئاهه‌نگ هەیە و نه‌ورۆز پیرۆز ده‌كرێت، هیوادارم نه‌ورۆزێكی پڕ له خۆشی و شادی بێت و، دوور له ناخۆشی بێت."
ڕوونیشی كرده‌وه: ''هه‌ربه‌و بۆنەیە‌وه پاش 21 ساڵ تێپه‌ڕبوون له ئاهه‌نگی ئه‌نقه‌ره پیرۆزبایی له خه‌ڵكی كوردستان و خانه‌واده‌ی شه‌هیدان دەکەم و هیوادارم ئه‌و نه‌ورۆزه ببێته هۆی خۆشی و شادی و و تێپه‌ڕبوون له‌و په‌تایه‌ی كه سه‌رتاسه‌ری جیهانی گرتووه‌ته‌وه و، ئاهه‌نگگێڕەکان ڕه‌چاوی خۆپارێزی بكه‌ن و له یه‌كتری دوور بکەونه‌وه و هیوادارم ئه‌وانه‌ی سه‌یران ده‌كه‌ن ژینگه‌ی كوردستان پاك ڕابگرن و جوانیی كوردستان وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو. ده‌ستخۆشی له كارمه‌ندانی پزیشكی و ته‌ندروستی و ئاسایش و زیره‌ڤانی ده‌كه‌م كه ماندوویینه‌ناسانه ئه‌ركیان جێبەجێ کردووە.''
كارزان سەباح هەورامی
وێنەكان ئەرشیفی یادەكەی نوێنەرایەتیی پارتی دموکراتی کوردستانن لە ساڵی 2000




