٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جێگری سوپاسالار بۆ KDP: زەرەرمەندی یەكەم لە جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكە عێراقە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ھۆكاری جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی سەربازیی نێوان ھەرێم و بەغدا لە ناوچە كوردستانییەكان، سیاسییە، بەڵام دواكەوتن و جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكە، لە زیانی عێراقدایە.

لیوا قارەمان كەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، رێككەوتنی سەربازیی نێوان ھەرێم و بەغدا چەندین خاڵ لەخۆ دەگرێت، كە بریتین لە دروستكردنی لیژنەی ھاوبەش و پێكهێنانی ھێزی ھاوبەش و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە ناوچە كوردستانییەكان بە ھاوبەشی لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا، بۆیە تاوەكو ھەماھەنگی لەو ناوچە گرنگانەی ھەیە نەبێت، داعش ھەر بەھێز دەبێت و بەردەوامیش ھێرشی سەر ھێزی عێراقی دەكات و زیانیان پێ دەگەیەنێت، بۆیە زەرەرمەندی یەكەم لە جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكە، عێراقە.

جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە ڕوونیشی كردەوە، پڕنەكردنەوەی بۆشایی لە ناوچە كوردستانییەكان و نەبوونی ھێزی ھاوبەش لەو ناوچانەدا، لە قازانجی داعش و لە زیانی عێراقدایە، چونكە تا ئێستا داعش ھێرشی سەر ھێزی پێشمەرگەی نەكردووە، بەڵام ھۆكاری جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكە سیاسییە نەك سەربازی، لەبەر ئەوەی لە عێراق ھەموو پرسەكان بەسیاسی كراون.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، لە ناوچە كوردستانییەكان داعش لە گوندەكانی سنووری ھێزی عێراقی ھاتوچۆ دەكەن و لە چیای قەرەچووغ تا پێشمەرگە ھەبوو داعش نەیدەتوانی نزیك چیاكە ببێتەوە، بۆیە بۆشاییەكە لەلایەن ھێزی عێراقییەوە ھەیە، كە بێگومان ئەگەر عێراق ھەماھەنگی لەگەڵ پێشمەرگە نەكات، زیان دەكات و ھیچ قازانجێك ناكات و داعشیش ھەر بەھێزتر دەبێت.

دەشڵێ: "ھۆكارەكان سیاسین و ئەگەر تەكنیكی بن، ئێمە ھەردوولا بە ئاسانی دەتوانین چارەسەریان بكەین".

 

بڵند ئیبراھیم  

هەواڵی پەیوەندیدار