راگهیاندراوی لیژنەی پەروەردەى پەرلەمانی کوردستان لهبارهی خۆپیشاندانی قوتابیانی12ی ئامادەیی لە پارێزگای سلێمانی

هەولێر-KDP.info- له راگەیاندراوێكدا لیژنهی پهروهرده و خوێندنی باڵای پهرلهمانی كوردستان رایگهیاند: بەداخەوە بەهۆی خۆپیشاندانی چەند ڕۆژەی قوتابیانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە پارێزگای سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی روویداو کار گەیشتە تەقەکردن بەسەر قوتابیاندا، ئێمە نیگەرانیمان لەم ڕووداوە رادەگەیەنین و لەپاڵ ئەمەشدا داواکارین قوتابیان بە ئاکاری بەرزی پەروەردەیی و نموونەیەکی جوانی داواکردنی ماف داوای مافە رەواکانیان بکەن و پەیامی خۆیان بگەیەنن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەردەوام لە پەیوەندیدا بووین لەگەڵ بەڕێز وەزیری پەروەردە، بە سوپاسەوە ژمارەیەک بریاری گرنگیان داوە لە بەرژەوەندی قوتابیان وەک:
١- لە ھەفتەیەکدا تەنھا دوو تاقیکردنەوە ئەنجام دەدرێن.
٢- لیژنەیەکی پسپۆڕ و شارەزا پێکھاتووە بۆ کەمکردنەوەی پڕۆگرام ( منھج)، وەک پێشتریش رایانگەیاندبوو مەنهەج بە گوێرەی رۆژەکانی خوێندنی وەرزی دووەم دیاری دەکەن و پێش دەستپێکی خوێندنی وەرزی دووەم ئەو بابەت و بەندانەی پێویست نین رایدەگەیەنن.
٣- بۆ تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم ١٣ ڕۆژ مۆڵەتی دیکە دراوە بە قوتابیان.
٤- داوامان لە وەزارەتی پەروەردە کردووە کەوا تاقیکردنەوەی وەرزی دووەم لە ١٩ی ٦ پێشبخەن بە جۆرێک ٤٠ رۆژ لەبەردەم قوتابیان بێت بۆ باشتر خۆ ئامادەکردن بۆ تاقیکردنەوەی وزاری، پەنا بەخوا لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا وەزارەتی پەروەردە وەڵامی داواکاریەکەمان دەدەنەوە.
ههروهها ڕاشیگهیاندووه: بەھیوای ئایندەیەکی گەش بۆ قوتابیان و خوێندکارانی ئازیز.




