٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جوویل فۆڕدڤیند نامەیەک ئاڕاستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هۆڵەندا-KDP.info- بەڕێز فۆڕدڤیند لە سەرەتای نامەکەیدا خۆشحاڵیی خۆی بەوە دەردەبڕێت کە لە ماوەی کاری سیاسی و پەرلەمانتاریدا توانیویەتی کار لەگەڵ ڕەوەندی کورد بکات بە ئامانجی ئاوەدانکردنەوە و بەرەوپێشچوونی کوردستان و پەیوەندیی نێوان حکومەتی شانشینی هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان.

بەڕێز جوویل فۆڕدڤیند لە درێژەی نامەکەیدا باس لە گرنگیی پێکەوەکارکردن دەکات کە چۆن دەتوانێت سوود بە هەموو لایەک بگەیەنێت و دەڵێت: ''دڵخۆش بووم کە پێکەوە کارمان کردووە و هاوکار و پشتگیر بووین لە پێشخستنی پەیوەندییەکان و هاوکاری و بەشداریمان لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان، هیوادارم لەگەڵ هاوکارانم لە پەرلەمانی هۆڵەندا ئەو کارەی ئێمە کردوومانە جێگای ڕەزامەندیی ئێوە بووبێت.''

پاش بیست و پێنج ساڵ کاری سیاسی و چەندین پۆستی دیار لە پەرلەمان و حکومەت، بەڕێز دڤیند پێش ماوەیک بڕیاری دا واز لە خزمەتی گشتی و سیاسەت بهێنێت، ئەوەی جێگای باسە بەڕێزیان دۆستێکی نزیک و هاوکارێکی باشی ڕەوەندی کورد و حکومەت و گەلی کوردستان بووە لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و بەرەوپێشچوونیان و لەو ماوەیەدا لە چەندین کاری گرنگ و بەهاداردا بەشداریی کارای هەبووە.

بەڕێزیان کە چەندین جار سەردانی کوردستانی کردووە، لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا دەنووسێت: "زۆر خۆشحاڵ بووم بەوەی لە نزیکەوە ئاوەدانکردنەوی کوردستانم دیتووە و قۆناغێکی گرنگ و هەستیاری تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە ئێستا. تکایە لە پێشکەوتن و هەنگاوەکانی کوردستان ئاگادارم بکەن، من وەکو دۆستێکی گەلی کوردستان دەمێنمەوە و هەموو کات ئامادەم هەرکارێک لە دەست و توانای مندا بێت بۆتانی بکەم و ئومێدی سەرکەوتن و بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی زیاتر و خۆشگوزەرانیتان بۆ دەخوازم و هەردەم باش بن."

گەلی کوردستان دەیان دۆستی بەئەمەک و خاوەنی هەستی بەهێزی مرۆڤایەتیی هەیە کە بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان سوودی لێ وەگرتوون و بەشدراییەکی کارایان هەبووە لە ناساندنی ئەو نەهامەتییانەی بەسەریدا هاتووە و ئەمەش کاریگەریی هەبووە لە گۆڕانکاریی هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرانبەر بە دۆزی گەلەکەمان و پشتیوانی لە ئاوەدانکردنەوە و بەرەوپێشەوەچوونی هەرێمی کوردستان.


 

هەواڵی پەیوەندیدار