٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شنگال.. بەغدا فشارەكانی زیاتر كردووە

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info- جێگری پارێزگاری مووسڵ رایدەگەیەنێت، سەرباری ئەوەی كە تا ئێستا پەكەكە رازی نەبووە لە شنگال بچێتە دەرەوە، داواش دەكەن بە ناوی كوردانی ئێزدییەوە دابمەزرێن، كە دەچنە كۆبوونەوەكانیش، جلی سەربازی دادەكەنن و فێڵ لە حكوومەت دەكەن، بەڵام بەغدا فشارەكانی زیاتر كردووە و دەیەوێت دەریان بكات.

رەفعەت سمۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دوای ئەوەی ھەندێك كێشە بە ھۆی فشارخستنە سەر پەكەكە بۆ دەرچوونیان لە شنگال دروست بوو، شاندێكی باڵای ئەمنی لە بەغدا سەردانی شنگالیان كرد، بۆ ئەوەی بتوانن چارەسەری كێشەكان بكەن، بەڵام پەكەكە ئامادە نییە شنگال چۆڵ بكات، بۆیە حكوومەتی عێراقیش ھاوكارییەكانی پەكەكەی بڕیوە، تا لە شنگال دەربچن، بەڵام ئەوانەی كە پەكەكەن، داوایان كردووە كە دایانبمەزرێنن، بە تایبەت ئەوانەی بە ناوی یەپەشە لەگەڵ پەكەكەدان و دەخوازن خۆیان وەكو خەڵكی شنگال بناسێنن.

جێگری پارێزگاری مووسڵ گوتیشی، پەكەكە كە شاندەكانی حكوومەتی عێراق سەردانی شنگال دەكات، جلوبەرگی سەربازیی خۆیان دەگۆڕن و جلی مەدەنی لەبەر  دەكەن و دەچنە كۆبوونەوەكان، بۆ ئەوەی زانیاری كۆبكەنەوە، چونكە پەكەكە بەو شێوەیەی ئێستا ھەیە، نیازی ئەوەیان نییە كە لە شنگال بچنە دەرەوە.

سمۆ باسی لەوەش كرد، پەكەكە لە شنگال فێڵ لە حكوومەتی عێراق دەكەن و بە ناوی خەڵكەوە دەچنە لای ئەوان و هەمان ئەو داواكاریانە دەكەن، كە ھەرێم و بەغدا سەبارەت بە شنگال لەسەریان رێككەوتوون، كە مەبەستیشیان ئەوەیە، ھاوكارییان كەم بووەتەوە و دەیانەوێ جارێكی دیكە ھاوكارییان بۆ بگەڕێتەوە، بەڵام حكوومەتی عێراق دەیەوێت پەكەكە لە شنگال نەمێنێت.

دەشڵێ: "ئێمە وەكو ئیدارەی مووسڵ، دەستمان كردووە بە ھەندێك پڕۆژە بۆ پارێزگای مووسڵ، وەكو پڕۆژەی ئاو و كارەبا و بڕیارە كە بوجەی بۆ پارێزگا تەرخان كرا، بودجەیەكی تایبەت بۆ شنگالیش تەرخان بكەین، بەڵام پێویستە دۆخی ئەمنی باش بێت و پەكەكە لە شنگال نەمێنێت".

 

بڵند ئیبراھیم   

هەواڵی پەیوەندیدار