سەرۆکی حکوومەت رەزامەندیی دەربڕیوە.. پارەکەی دھۆک زیاد دەکرێت

دھۆک-KDP.info- قایمقامی قەزای ناوەندیی دھۆک رایگەیاند، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی ٧٧ملیار دینار بۆ پارێزگای دھۆک دەربڕیوە، کە بڕیارە لە سەرتاسەری پارێزگای دھۆک، ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەی جۆراوجۆر لە ھەموو بوارەکان ئەنجام بدرێن.
جەھوەر عەلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رەزامەندیی نیشان داوە کە کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ لە سنووری پارێزگای دھۆک ئەنجام بدرێن، کە پەیوەستن بە ژیانی خەڵکەوە و پڕۆژەکانیش بریتین لە نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی رێگاوبان و چیمەنتۆڕێژکردنی کۆڵانەکان و پڕۆژەکانی بواری شارەوانی و پڕۆژەی کارەبا و ئاوەڕۆ و هەروەها نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و ھەموو ئەو پڕۆژانەی کە داواکاریی خەڵکن، کە ١٠ملیار دینار بڕیاری لەسەر درابوو و سەرەتا تەنھا بۆ سەنتەری دھۆک، بەڵام ئێستا پارەکە زیاد دەکرێت، بۆیە ژمارەی پڕۆژەکانیش گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و زیاتر دەبن.
عەلی باسی لەوەش کرد، دوای ئەوەی سەرۆکی حکوومەت لە ماوەی ڕابردوودا رەزامەندیی دەربڕیبوو لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژەکان، ئێستا بڕی پارەکە زیاتر بووە، کە بۆ ھەموو پارێزگای دھۆک ٧٧ملیار دینار تەرخان کراوە و بەسەر سەرجەم پارێزگا و قەزا و ناحیەکاندا دابەش دەکرێت، کە لە ھەر ناوچەیەک بە رێژەیەک دەست بە ئەنجامدانی پڕۆژەکان دەکرێت.
ناوبراو گوتیشی، ئەمە ھەنگاوێکی باش دەبێت، بۆ ئەوەی بتواندرێت گرفتی ھاووڵاتیان لە ئەنجامدانی پڕۆژە و داواکاریەکانیان چارەسەر بکرێت.
دەشڵێ، پێشتر کە رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی پارە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە لە دھۆک درابوو لەلایەن حکوومەتەوە، بڕەکەی ٣١ملیار دینار بوو، بەڵام ئێستا گوژمەی پارەکە بۆ ٧٧ملیار دینار زیاد کراوە.
بڵند ئیبراھیم




