سێ پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ بە گوژمی شەش ملیۆن و٥٠٠ھەزار دۆلار جێبەجێ دەکرێن

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان گوتی، جگە لەو پڕۆژانەی لەسەر قەرزی ژاپۆنی لە شاری ھەولێر جێبەجێ دەکرێن، لە سلێمانی و ھەڵەبجەش سێ پڕۆژە بە گوژمەی شەش ملیۆن و٥٠٠ھەزار دۆلار جێبەجێ دەکرێن.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو پڕۆژانەی ئاو و ئاوەڕۆ کە لەسەر پارەی قەرزی ژاپۆنی لە ھەولێر جێبەجێ دەکرێن دەستیان پێ کراوە و لە ٣٠مەتری و ٦٠مەتری ھەندێک کار تەواو کراوە و کەلوپەلیش بۆ پڕۆژەی ئیفراز کڕدراوە و لە سلێمانی و ھەڵەبجەش بە گوژمەی شەش ملیۆن و٥٠٠ھەزار دۆلار پڕۆژە جێبەجێ دەکرێت."
ئاری ئەحمەد گوتیشی: "پڕۆژەکانی سلێمانی و هەڵەبجە سێ پڕۆژەن و بریتین لە دەرکردنی پڕۆژەی ئاوەڕۆی ھەڵەبجە، دانانی تۆڕی ئاوی چەند گەڕەکێکی ھەڵەبجە و دانانی ھێڵی سەرەکیی گواستنەوەی ئاو لە سلێمانی کە ١٧ کیلۆمەترە.''
ئەحمەد باسی لەوەش کرد: "کۆی گشتیی پارەی قەرزی ژاپۆنی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەکاتە ٩.٦ملیۆن دۆلار بۆ ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجە."
بڵند ئیبراھیم




