د. سامان: کۆرۆنا بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە.. پێویستە خەڵک پابەندی ڕێکارەکان بن

هەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، نەخۆشیی کۆرۆنا بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە و پێویستە خەڵک ئاگاداری خۆی بێت و پابەندی رێکارەکان بن، چونکە جارێکی دیکە خەڵک بەو نەخۆشییە گیان لە دەست دەدەن و دۆخەکە بەرەو خراپی دەچێت.
دکتۆر سامان بەرزنجی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە و زۆرترین ژمارە و رێژەی تووشبوون ٧.٨% تۆمار کراوە، لە رۆژانی داھاتووشدا رەنگە ژمارەکە زیاتر بێت.
بەرزنجی، باسی لەوەش کرد: "بەپێی ھەموو پێوەرەکان، رێژەی گواستنەوەی ڤایرۆس لە ھەموو تووشبوویەک زیاتر لە کەسێکی دیکە تووش دەکات و ژمارەی پڕبوونی قەرەوێلەکان لە نەخۆشخانەکانیش زۆر زیاتر بووە، ئەمەش گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە ڕێگای کۆمەڵگا دەگەیەنێت، بۆیە تکا دەکەین پاڵپشتی رێکارەکان بن و ئاگاداری خۆتان و خانەوادەکەتان بن".
وەزیری تەندروستی ڕاشیگەیاند، دانانی ماسک و دوورکەوتنەوە لە یەکتر و نەچوون بۆ شوێنی قەرەباڵغ، گرنگترین رێکارەکانی خۆپارێزییە و پێویستە لە کاتی بوونی نیشانەکانیش سەردانی سەنتەرەکانی کۆرۆنا بکەن بۆ پشکنین و چارەسەرکردن.
دەشڵێ، لە نەخۆشخانەکان ژمارەی تووشبووان زۆر بووە و قەرەوێلەکان پڕ بوون لە نەخۆش و حاڵەتەکانی مردن زۆر بووە و خەڵک بەو نەخۆشییە دەمرێت، بۆیە پێویستە خەڵک خۆپارێزی بکات.
د. سامان ئاماژەشی دا، بڕیارە بەم زووانە وەجبەیەکی نوێ ڤاکسین لە عێراقەوە بگاتە ھەرێمی کوردستان و ھەر کاتێک بگات، دەست بە بەکارھێنانیان دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




