بڕیارە ئەمساڵ بە گوژمەی ٥٠ملیار دینار پڕۆژەی ڕێگاوبان لە سنووری پارێزگای دھۆک جێبەجێ بکرێت
__2021_03_15_h18m28s24__HK.jpg)
دھۆک -KDP.info – بڕیارە ئەمساڵ ٥٠ملیار دینار بۆ ڕێگاوبان لە پارێزگای دھۆک خەرج بکرێت و بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی دھۆکیش دەڵێت، پلانێکیان داناوە تا ئەو پڕۆژانەی تەواو نەکراون تەواو بکرێن و کۆمەڵێک پڕۆژەی نوێش جێبەجێ بکرێن.
بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی دھۆک، خەدیجە محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمساڵ پلانمان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە لە بواری ڕێگاوبان ئامادە کردووە و ڕەوانەمان کردووە کە بە گوژمەی ٥٠ملیار دینار دەبێت. بەشێک لەوانە ھەشت پڕۆژەی تەواونەکراون، وەکو پڕۆژەی ڕێگای ئیبراھیم خەلیل و پڕۆژەی ئاکرێ بۆ قەندیل بە دوو قۆناغ و کڕینی ئامێر، کە دەست بە جێبەجێکردنیان دەکەین.''
خەدیجە محەمەد گوتیشی: "ئەو پارەیەی تەرخان دەکرێت بۆ ھەموو پارێزگای دھۆکە و ھەندێک پڕۆژەش تەواو کراون و ھێشتا پارەیان پێ نەدراوە؛ وەکو تونێلی زاخۆ و ڕێگای دھۆک بۆ زاخۆ، ئەوانە تەواو بوونە و پارەیان بۆ خەرج دەکرێت."
بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی دھۆک باسی لەوەش کرد: "ڕێگای دھۆک بۆ زاخۆ تەواو بووە، بەڵام لە زاخۆ تا ئیبراھیم خەلیل و دێرەبین و سحێلا ماوە، ئێستا کار لەو پڕۆژەیە دەکرێت بۆ ئەوەی تەواو بکرێت."
بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی دھۆک ڕوونیشی کردەوە: "کە پارەمان بۆ خەرج کرا ھەر ئەمساڵ دەست بە دروستکردنی تونێلی مەتین دەکەین کە ئەویش پڕۆژەیەکی گرنگە بۆ پارێزگای دھۆک."
بڵند ئیبراھیم




