٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە مانگێكدا ھەزار و ٢٣٠ كەس ئاوارەی ھەرێمی كوردستان بوونەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە فەرمانگەی ھەماھەنگی و قەیرانەكان لە ھەرێمی كوردستان گوتی، ئەركی حكوومەتی عێراقە ھاوشێوەی ھاووڵاتیانی خۆی ڤاكسین بۆ ئاوارەكان دابین بكات، چونكە ئاوارەكان نەك ناگەڕێنەوە، بەڵكو تەنھا لە مانگێكدا ھەزار و٢٣٠ كەس دووبارە ئاوارەی ھەرێمی كوردستان بوونەتەوە.

عەلی عیسا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، بەپێی یاسا و دەستوور، ئاوارەكان بەشێكن لە ھاووڵاتیی عێراقی و حكوومەتی عێراقیش پێویستە مشووری ئەوانیش بخوات وەكو ھاووڵاتیانی دیكە، بۆیە دەبێ حكوومەتی عێراق ڤاكسین بۆ ئاوارەكانیش دابین بكات دژی نەخۆشیی كۆرۆنا، بەڵام بەداخەوە تاوەكو ئێستا دابینی نەكردووە.

عیسا گوتیشی، ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی كوردستان نزیكەی ملیۆنێكن، كە ٧٠٠ هەزار زیاتر ئاوارەی ناوخۆی عێراقن و ٢٥٠ هەزاریش پەنابەری سوورین.

بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە فەرمانگەی ھەماھەنگی و قەیرانەكان لە ھەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە: " تەنھا لە یەك مانگی ئەمساڵدا ھەزار و ٢٣٠  ئاوارە ھاتوونەتە هەرێم، كە دەكاتە ٢٦٦خێزان، ئەوانەش بە ھۆی هەبوونی گرووپی میلیشیا و نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپیی دۆخی ئەمنییەوە، جارێكی دیكە گەڕاونەتەوە و ئاوارەی ھەرێمی كوردستان بوونەتەوە، ئێمەش پێشوازیمان لێ كردوون و ئەوەی پێویست بێت بۆیان ئەنجام دراوە".

دەشڵێ، ئەوانەی دووبارە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە، لە مووسڵ و سەڵاحەددین و ئەنبار و دیالەوە هاتوون.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار