دۆسیەی ئەمنی شنگال بە پێشمهرگه و پۆلیس و سوپای عێراق دەسپێردرێت

شنگال-KDP.info- شاندێکی باڵای ئەمنی عێراق، بەمەبەستی بەدواداچوونکردن بۆ رەوشی ئەمنی و جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنکال، گەیشتە شاری شنگال.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق بڵاویکردەوە کە شاندێکی باڵای ئەمنی لە بەغداوە گەیشتووەتە قەزای شنگالی رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا.
ئاماژەی بەوەشداوە کە شاندەکە لە ھەریەک لە سەرۆکی ئەرکانی سوپا، فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا و جێگیری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، فەریق روکن عەبدولئەمیر شممەری و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، قاسم ئەعرەجی و بریکاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، حەمید شەتری و بەڕێوەبەری ھەواڵگریی سەربازیی و فەرماندەی ھێزەکانی وشکانیی، فەریق روکن قاسم محەمەد ساڵح پێکھاتووە.
باسی لەوەشکردووە کە ئامانج لە سەردانی شاندەکە، بەدواداچوونەکردنە بۆ رەوشی ئەمنی و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی شنگال.
رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ قەزاکە رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنیی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت و سەرجەم گرووپە چەکدارییە نایاساییەکان دەچنە دەرەوەی سنووری قەزاکە.




