١٥٠ ھەزار كارتی دەنگدەران دەگەڕێنەوە ھەولێر

هەولێر-KDP.info- لە چەند رۆژی داھاتوودا، ژمارەیەكی بەرچاوی كارتی دەنگدەران دەگەڕێنەوە ھەولێر، بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكانیش دەڵێ، پێویستە دەنگدەران بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان سەردانی بنكەكانی كۆمسیۆن بكەن.
عەبدولڕەزاق موشیر، بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا ١٥٠ ھەزار كارتی دەنگدەران لە بەغداوە بگەڕێنەوە بۆ پارێزگای ھەولێر، كە كارتی ئەو دەنگدەرانەیە لە چوارچێوەی پڕۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بەشدارییان لە پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگداندا كردووە.
بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری كۆمسیۆن دەشڵێت، لەگەڵ گەیشتنی كارتەكان، لەلایەن تیمەكانی كۆمسیۆنەوە دەست بە دابەشكردنیان دەكرێت و پێویستە ھەر دەنگدەرێك پێشتر بەشداریی بایۆمەتریی دەنگدانی كردبێت، سەردانی بنكەكانی كۆمسیۆن بكات بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكەی.
موشیر روونیشی كردەوە، پڕۆسەی بایۆمەتری و دابەشكردنی كارتی دەنگدان بەردەوامە تا كۆتایی ئەم مانگە و بەپێی بڕیاری كۆمسیۆنیش، ھەر دەنگدەرێك بەشداریی بایۆمەتریی نەكردبێت و كارتی دەنگدانی نەبێت، مافی بەشداریكردنی لە ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراقدا نابێت.
قائید میرۆ




