٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حەیدەری: پێویستە كورد رێگە نەدات مافی ڤیتۆی لە دادگای فیدراڵی نەمێنێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزیری پێشووی دادی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، پێویستە كورد رازی نەبێت پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی تێپەڕێندرێت، كە بڕیارەكانی بە زۆرینە یان بە دوو لەسەر سێی دەنگەكان بێت، چونكە ئەگەر وا بێت، كورد زیان دەكات، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە، ھەڵوێستی كورد باشە و پێویستە بە ھیچ شێوەیەكیش قبوڵ نەكات مافی ڤیتۆی لە دادگای فیدراڵی نەمێنێت.

شێروان حەیدەری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بە گوێرەی یاسای پێشووتری دادگای فیدراڵی، كە لە نۆ ئەندام پێك دەھات و پێكھاتەكانیشی تێدا بوو، ئەوەی پەیوەندی بە ھەرێم و بەغداوە ھەبووایە، لەبەر ئەوەی ھەرێم دوو ئەندامی ھەبوو، مافی ڤیتۆی ھەبوو، بەڵام ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ، دەیانەوێت مافی ڤیتۆی ھەرێم نەمینێت و بیكەنە دوو لەسەر سێ یان بە زۆرینە، كە ئەویش ھەر خۆیانن و دەتوانن ئەو كارە بكەن و ھەر بڕیارێك ھەبێت دەریبكەن، كەواتا دەیانەوێت كورد لە دادگای فیدراڵی پەراوێز بخەن و ھیچ سەنگێكی نەبێت.

حەیدەری گوتیشی: "كورد تا ئێستا رازی نییە بەو داواكارییەی شیعەكان و سونەكان، ئەمەش ھەڵوێستێكی باشە، چونكە نابێت كورد رازی بێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر لە دەستی بدەین، ھەر كاتێك بیانەوێت بڕیار دژی كورد دەدەن، كە ئەوكات زیانی زۆر بەر كورد دەكەوێت، بۆیە پێویستە كورد بە ھەموو ھێزی خۆی كار بكات بۆ ئەوەی وەكو پێشوو مافی ڤیتۆی ھەبێت لە ھەموو ئەو كێشانەی لە نێوان ھەرێم و بەغدادا هەن".

وەزیری پێشووی دادی حكوومەتی ھەرێم باسی لەوەش كرد، شیعە و سوننە ھەموو ھەوڵێك دەدەن كە كورد بێبەش بكەن لە دادگای فیدراڵی و تەنھا بە شێوەیەكی رەمزی بەشدار بن، كە ئەمەش زیانی بۆ كورد دەبێت و پێویستە ھەر بڕیارێك لە دادگای فیدراڵی بدرێت، كورد بەشدار بێت و بێ كوردیش ھیچ بڕیارێك نەدرێت.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار