٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لوقمان حوسێن: عەرەبی ھاوردە بە پاڵپشتیی ھێزی عێراقی گوندەکانی کورد داگیر دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

سەرگەڕان-KDP.info- بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان رایگەیاند، جارێکی دیکە عەرەبی ھاوردە ھاتوون بۆ سەرگەڕان و دەیانەوێت بە پاڵپشتیی ھێزی عێراقی، گوندەکانی کورد داگیر بکەن، کوردیش ئەمە ڕەت دەکاتەوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت کورد کاردانەوەی ھەبێت و کێشە دروست ببێت.

لوقمان حوسێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، جارێکی دیکە عەرەبی ھاوردە لە بەشەکانی دیکەی عێراق بە ھۆی نزیکبوونەوەی ھەڵبژاردنەکانەوە ھاتوون لەناو زەویی کوردەکان لە سەرگەڕان خێمەیان ھەڵداوە و داوا دەکەن حکوومەتی عێراق گوندەکانی کوردەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە و بڕیارەکانی رژێمی بەعس جێبەجێ بکەن، بۆیە بڕیارە ئەمڕۆ سوپاسالاری عێراق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی کەرکووک، سەردانیان بکەن بۆ ئەوەی چارەسەری کێشەکانیان بکەن.

حوسێن، کە ھاوکات ئەندامی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستانە، گوتیشی، لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان ٤٢ گوند ھەن پێشتر عەرەب زەوتیان کردبوون و دواتر گەڕێندرانەوە بۆ خاوەنەکانیان، کە کوردن، بەڵام ئێستاش جارێکی دیکە داوای ئەو گوندانە دەکەنەوە، کە خەڵکی ڕەسەنی ئەو گوندانە کوردن و عەرەب کاتی خۆی بەزۆر داگیری کردبوون و ئێستاش دەیانەوێت بە ھەمان شێوە داگیری بکەنەوە.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، کورد بە ھەموو شێوەیەک ئەو کارە ڕەت دەکاتەوە و رێگە نادات گوندەکانیان لێ وەرگرنەوە، عەرەبی ھاوردەش دەیانەوێت بە پاڵپشتیی سوپا وەریبگرنەوە، بۆیە ئەگەر ئەو کارە بکرێت، کوردیش رەنگە کاردانەوەی ھەبێت و کێشە دروست ببێت، چونکە کورد قبوڵ ناکات زەوی و گوندەکانیان داگیر بکرێن.

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار