٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیان لە (١١٨)مین ساڵیادی لەدایکبوونی بارزانی نەمر

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- ئەمڕۆ سەد و هەژدە ساڵ بەسەر ڕۆژێکی پڕ شکۆی گەلەکەماندا تێ دەپەرێت، ئەویش لەدایکبوونی مرۆڤێکی زۆر تایبەت، باوەڕمەند بە خوا و بە خۆی و بە گەل و بە خاکی کوردستان، کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ و خاوەنی کاریزما و خەباتگێڕێکی بێهاوتا و مەرد لە دامێنی چیای شیرین لە لانکەی شێران و بەرخودان و فیداکاری لە گوندی بارزانی سەربڵند هاتە ژیانەوە، ئەویش ''مستەفا بارزانی''یە.

لەم یادە پڕشکۆیەدا جوانترین پیرۆزبایی لە خەڵکی سەربەرزی کوردستان و شەھیدە سەربەرزەکان و شەھیدانی ئەنفال و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەین.

بارزانی نەمر لە سەرەتای تەمەنی لەناو ڕووداوە گەورە و گرینگەکاندا پەروەردە بوو، زۆر مەردانە و ھەڵۆئاسا بەسەر سەختییەکاندا سەرکەوتنی تۆمار دەکرد. بە درێژاییی مێژووی ژیانی لە خەبات و تێکۆشاندا بوو، لەپێناو ڕزگارکردنی گەل و خاکێکی داگیرکراو و پارچەکراودا لە سێ ساڵیدا لەبەر نیشتمانپەروەریی بنەماڵە سەربەرزەکەیان لەگەڵ دایکی زیندان کرا و، لە چواردە ساڵیدا بە ڕاسپاردەیەکی گرینگەوە چووە کوردستانی باکوور و پاش گەڕانەوەی جارێکی دیکە بە ئەرکێکی گرینگی سیاسی و مرۆڤایەتی چووەوە کوردستانی باکوور و پاشا ئەدریاتیك و خانەوادەکەی لە مەرگ ڕزگار کرد و گەیاندیانییە کوردستانی ڕۆژئاوا و، لە گەڕانەوەی بارزانیی لاو و سەرکردە و باوەڕ بەخۆ، ڕووبەڕووی چەند پیلان و ڕێگری لەلایەن جەندرمەکانی تورکیای ئەو سەردەمە بووەوە و، بەهۆیانەوە پێنج شەھیدیان دا و توانییان بگەنەوە کوردستانی باشوور و ناوچەی بارزان.

لە سۆنگەی ھەستی نیشتمانپەروەری و ھەست بە بەرپرسیارێتی، بە سەرکردەی ھێزێک بۆ ھاوکاریی شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید لە سلێمانی نێردراو، لە ڕێگا لە چەندین شوێن لەلایەن ھێزەکانی ڕژیمی پاشایەتیی عێراق بە پاڵپشتیی ئینگلیز ڕێگرییان لێ کرا، بەڵام بارزانی و ھێزەکەی لە چوونەکەیان بەردەوام بوون و، کاتێک گەیشتنە نزیک سلێمانی شێخی نەمر بە برینداری دەستگیر کرابوو، ئەوە بوو بارزانی و ھێزەکەی بەو دۆخە دژوار و سەختە توانیان بگەنەوە بارزان.

بارزانی بەهۆی شۆڕشەکانی بارزانەوە تووشی ئاوارەیی بوو و، دواتر بۆ بەرگریکردن لە کۆماری کوردستان لە مھاباد بەشداریی کرد و، کاتێک بە پیلانی نێودەوڵەتی کۆماری کوردستان شکستی ھێنا، پێشەوا قازی محەمەد ئاڵای کوردستانی بە ئەمانەت بە بارزانی سپارد و گەڕانەوە بۆ بارزان و دووبارە گەڕانەوەی بۆ کوردستانی ڕۆژھەڵات و لەوێوە بەرەو یەکێتیی سوڤیەتی جاران. بارزانی ڕۆڵی گرینگی گێڕا لە سەرکردایەتیکردنی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و گەیشتن بە بەیاننامەی ٢٩-ی حزێران و ناونانی کەرکووك بە دڵی کوردستان و ڕێکەوتننامەی (١١)ی ئاداری مێژوویی و هەڵکیرساندنی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز، کە هەموویان وێستگەی گرینگن لە مێژژوی ئەم پیاوە مەزنەی کورد و کوردستان.

ئەم شۆڕشگێڕە نەتەوەییە بووە سیمبولی خەباتی نەتەوەیەکی پارجەپارچەکراو و، لە نائومێدیدا بەوپەڕی هیوا و بە متمانەبەخۆبوون و باوەری بە خودا و گەلەکەی ئاڵای شۆڕش و بەرەنگاربوونەوەی دژی داگیرکەران هەڵدەکرد و، دۆزی ڕەوای گەلەکەمانی بە هەموو جیهان دەیگەیاند و دەیناساند.

 

بارزانی نەمر هیچ کاتێک سازشی لەسەر بستێک لە خاکی پیرۆزی کوردستان نەدەکرد.

سڵاو لە یادی ھەڵۆی بەرزەفڕی کوردستان

بەرز و پیرۆز بێت ئەم یادە مەزنە لە خەڵکی خۆڕاگر و سەربەرزی کوردستان

 

   دکتۆر کەمال کەرکووکی

   سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک -گەرمیان

هەواڵی پەیوەندیدار