فارس نەوڕۆڵی: گەلی کورد بارزانی بە ڕابەری خۆیان دەبینن

هەولێر-KDP.info- ١١٨ ساڵ بەسەر لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی نەمردا تێ دەپەڕێت و، وتەبێژێکی پارتی لەو بارەیەوە دەڵێت، بارزانی کارێزمای گەلی کوردە و وەک پێغەمبەر مووسا دروودی خوای لەسەر بێت بۆ ڕزگارکردنی گەلەکەی ڕووی لە سوڤیەت کرد.
فارس نەوڕۆڵی، وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لەلایەن ناوەندی باڵای هەڵەبجەی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانەوە سیمینارێکمان بۆ ڕێک خرابوو بە ناوی ''ڕۆڵی کاریزما لە مێژووی گەلاندا، بارزانی وەک نموونەی کوردستانی''، بۆ ئەوەی بە وێستگەکانی خەباتی بارزانی نەمردا بچینەوە؛ لە خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی و پێشمەرگایەتی. بیرمەندەکان و ئایینەکان چۆن تەقیمی کارێزمایان کردووە، هەمووی لە بارزانیدا هەبووە."
زیاتر گوتی: "لە سەردەمی شێخ عەبدلسەلامی بارزانی و ململانێ لەگەڵ داگیرکەران و، دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، بارزانی نەمر یەکەم پلیکانی خەباتی دەست پێ دەکات و لەبەر ئەشقی بۆ کوردستانی گەورە، تاکو کۆتاییی تەمەنی بەرگریکاری سەرسەختی کۆماری کوردستان بوو. قازی محەمەد وەک پێغەمبەر عیسای مەسیح چووە بەرسێدارەی دوژمن، بارزانییش وەک مووسا چووە سۆڤیەت بۆ ڕزگارکردنی گەلەکەی، پاش گەڕانەوەی لە سوڤیەت دەستکەوتی گەورەی بۆ میللەتی کورد بەدەست هێنا، نموونە، ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠".
ئەوەیشی گوت: "بە مانای کەلیمە دەتوانین بڵێین بارزانی سەرکردەیەکی کاریزمای کوردە، بە ئەشقی بۆ خاک و گەلی کورد وای کردووە کۆی کۆمەڵگای کورد بە ڕابەری خۆیانی دەبینن".
عەزیز ڕەسووڵ





