٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەی یاسایی: ھەموو ھەوڵێک دەدرێت لەم خولەی پەرلەماندا ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info - ئەندامێکی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی کوردستان گوتی، لە خوڵی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەک پێک ھات و ٧١ ماددەی دەستووری نووسی، پێویستە لەم خولەشدا لیژنەیەکی دیکە پێک بهێنرێت کە کار بۆ نووسینی دەستوور بکات و پەلەیشی لێ بکرێت، چونکە زۆر کات لە بەردەست نەماوە و، گوتیشی، وەکو فراکسیۆنی پارتی سوورن لەسەر ئەوەی ھەرێم ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی، چونکە دەستوور ھەموو کێشەکان چارەسەر دەکات.

ئەندامی لیژنەی یاسایی و فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان، خەدیجە عومەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەک پێک هات بۆ نووسینەوەی دەستووری ھەرێمی کوردستان و لیژنەکە ٧١ ماددەی دەستووری نووسی، بەڵام بەھۆی پەککەوتنی پەرلەمان و ھەبوونی ناکۆکی لیژنەکە کاری خۆی تەواو نەکرد و لەم خولەی پەرلەمانیشدا ھەوڵی زۆر بۆ دەستووری ھەرێمی کوردستان دراوە و ھەموو لایەنەکان ڕازین بەوەی ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستوور و پشتگیریی دەکەن."

خەدیجە عومەر گوتیشی: "ھەموو لایەنەکان پێیان خۆشە کە ھەرێم لەم خولەدا ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی، چونکە بوونی دەستوور زۆر گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان و کێشەکانی ھەرێم چارەسەر دەکات؛ لە ڕووی یاساییەوە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا و سەرجەم کێشەکانی خۆیشمان لە ڕێگەی دەستوورەوە چارەسەر دەبن و دەسەڵاتەکانی حکومەت و دادوەری و ھەموو دەسەڵاتەکانیش دیاری دەکات، بۆیە زۆر کێشەمان ھەیە ئەگەر دەستوور ھەبووایە سەرجەم کێشەکان چارەسەر دەبوون."

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی باسی لەوەش کرد: "پێویستە لیژنەیەک پێک بهێنرێت و کار بۆ نووسینی دەستوور بکات کە لە خوڵی پێشوو تا ماددەی ٧١ ڕۆیشتن و دواتر وەستان و ھەموو لایەنەکان پشتگیری لە دەستوور دەکەن و باس لەوە دەکەن لەگەڵ نووسینی دەستووردان، بۆیە ھەوڵ دەدرێت لەم خولەدا ھەرێم ببێتە خاوەنی دەستوور، بۆیە پێویستە پەلە بکرێت، چونکە لەم خولەش کاتمان زۆر لە بەردەست نەماوە."

عومەر ڕوونیشی کردەوە: "وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان سوورین لەسەر ئەوەی کە ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی و کاریشی بۆ دەکەین و ھەوڵ دەدەین کە ھەرێم دەستووری خۆی ھەبێت، بۆیە ھەموو ھەوڵێک دەدەین."

 

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار