پارێزگار: ئەو یادە بەرز رادەگیرێت.. هەڵەبجە لەلایەن حكوومەتهوە ئاوەدان كرایەوە

هەڵەبجە-KDP.info- پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند، لە ڕۆژی ١٦/٣، یادی ٣٣ ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجەدا، بە ڕێپێوانێك لە فولكەی عومەری خاوەرەوە بۆ مۆنۆمێنتی شەهیدان، ئەو یادە بەرز رادەگیرێت.
ئازاد تۆفیق، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا، گوتی: "تاوانی كیمیاباران كردنی هەڵەبجە، پەڵەیەكی ڕەشە بە ناوچاوانی فاشیستەكانەوە دەمێنێتەوە، ئەوان كیمیابارانیان كردین، خەڵكی كوردستان ڕاپەڕین و هەڵەبجە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئاوەدان كرایەوە".
پارێزگاری هەڵەبجە، هەروەها پەیامی بۆ دەوڵەتانی ئێران و توركیا و عێراق نارد، پێشوازی لە نوێنەرانیان دەكەن بەشداری لە یادی ٣٣ ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجەدا بكەن.
دەشڵێ: "لە ڕۆژی ١٦/٣، بە ڕێپێوانێك لە فولكەی عومەری خاوەرەوە بۆ مۆنۆمێنتی شەهیدان، یادی كیمیابارانی هەڵەبجە بەرز رادەگیرێـ، كە پێڕەوی تەواوی رێنماییە تەندروستییەكان دەكرێت و پێویستە تەواوی ئەو هاووڵاتیانەش كە بەشداری دەكەن، دەستكێش و ماسك بەكار بهێنن".
ئەوەشی ئاشكرا كرد، ئەمساڵ بانگهێشتنامە بۆ هیچ بەرپرس و كەسایەتییەكی ناوخۆیی و بیانی نانێرن، بەڵام پێشوازی لە هەر كەس و نوێنەرایەتییەكی دەوڵەتان دەكەن بەشدار بن.
عەزیز ڕەسووڵ




