٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نزیكەی ١٩٠ هەزار ژەمە ڤاكسینى دیكە دەگاتە ھەرێمی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، بڕیارە سبەی وەجبەیەكی نوێی ڤاكسین بگاتە عێراق و چەند سەعاتێكی دەوێت بۆ ئەوەی پشكی ھەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت، بۆیە پێشبینی دەكرێت سبەی پشكی ھەرێم بگات، ئەگەرنا بە دڵنیاییەوە دووسبەی دەگات.

ئاسۆ حەوێزی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنای نوێ لە بەرزبوونەوەدایە بەراورد بە ڕابردوو و، رێنمایی نوێش دەركراون و ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانیش ئاگادار كراونەتەوە لە رێنمایەكان و پێویستە خەڵكیش پابەندی رێنماییەكان بێت، بۆ ئەوەی بتواندرێت رێگری لەو نەخۆشییە بكرێت، چونكە رێنماییەكان دیارن و گۆڕانكارییان بەسەردا نەھاتووە، كە لە پارێزگاكانی دیكەی عێراقیشەوە رێگە بە كەس نادرێت بێتە ھەرێم ئەگەر پشكنینی كۆرۆنا نەكات.

حەوێزی گوتیشی، ئەو نەخۆشییەی كۆرۆنا بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە، بۆیە پێویستە خەڵك ئاگادار بێت و خۆی بپارێزێت و ئەو رێنماییانە جێبەجێ بكات، كە وەزارەتی تەندروستی دەریكردوون.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، بڕیارە سبەی وەجبەیەكی نوێی ڤاكسین بگاتە ھەرێمی كوردستان، كە پشكی ھەرێمی كوردستانیش لەو وەجبەیە  ھەیە، بەڵام بۆ ئەوەی پشكی ھەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت، چەند سەعاتێكی دەوێت، بۆیە پشبینی دەكرێت سبەی پشكی ھەرێم بگات و ئەگەر نا بە دڵنیاییەوە دووسبەی دەگات.

ئەو ڤاكسینەی بڕیارە سبەی بگاتە عێراق، ملیۆنێك و ١٥٠ هەزار ژەمە ڤاكسینە لە جۆری نۆڤاكس و، پشكی ھەرێمی كوردستانیش لەو رێژەیە نزیكەی ١٩٠ هەزار ژەمە ڤاكسینە.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار