لە دھۆک پشکنینی کۆرۆنا کرایە بێبەرامبەر

دهۆک-KDP.info- لە پارێزگای دھۆک بڕیار درا لەمڕۆ بەدواوە پشکنینی کۆرۆنا بکرێتە بێبەرامبەر، گوتەبێژی تەندروستیی دھۆکیش دەڵێ، تەنیا پارە لەو کەسانە وەردەگیرێت کە لە دەرەوە دەگەڕێنەوە و بۆ ھاووڵاتیانی ناوخۆ بێبەرامبەرە.
حەمزە رەزیکی، گوتەبێژی تەندروستیی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، لە سنووری پارێزگای دھۆک پشکنینی کۆرۆنا لەمڕۆ بەدواوە بێبەرامبەر بۆ ھاووڵاتیان ئەنجام دەدرێت و، ھەر ھاووڵاتییەک کەسێکی نەخۆشی ھەبێت یانیش گومان لە خۆی بکات پەتای کۆرۆنای ھەیە، دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستی بکات و بەبێ بەرامبەر پشکنینی کۆرۆنای بۆ دەکرێت.
گوتەبێژی تەندروستیی دھۆک دەشڵێت، بڕیارەکە ھەموو سنووری پارێزگای دھۆک دەگرێتەوە و لە ھەموو قەزاکانی سەر بە دھۆک پشکنینی کۆرۆنا کراوەتە بێبەرامبەر، چونکە پێشتر پێویستی بە پڕکردنەوەی فۆڕمیش ھەبوو و ئەویش لابراوە.
لەبارەی ئەوانەی لە دەرەوە دەگەڕێنەوە، رەزیکی گوتی، ئەو ھاووڵاتیانەی لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستانەوە دەگەڕێنەوە، وەک پێشتر و بە بڕیاری وەزارەتی تەندروستی، پشکنینی کۆرۆنایان بە ٦٠ ھەزار دیناری عێراقی بۆ ئەنجام دەدرێت.
قائید میرۆ




