٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمەریکا سوورە لەسەر ئەوەی ئەنەکەسە و تەڤدەم لە ڕۆژئاوای کوردستان بگەنە ڕێککەوتن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info - ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا گوتی، ئەمەریکا سوورە لەسەر ئەوەی بە زووترین کات گفتوگۆی نێوان ئەنەکەسە و تەڤدەم دەست پێ بکاتەوە و بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام پێویستە سەرەتا کەشەکە لەبارە بێت، ئەوکات دانوستانەکان دەست پێ بکەنەوە و ئەمەریکاش دەتوانی ئەو کارە بکات.

جەدعان عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ماوەی ڕابردوو تەڤدەم تەعەدای زۆری لە ئەنەکەسە کردووە و زیانی بە نووسینگەکانی ئەنەکەسە گەیاندووە و ھەڕەشە لە کەسوکاری پێشمەرگەی ڕۆژ دەکەن و لێدوان دژی ئێمە دەدەن و دۆخەکەیان ئاڵۆز کرد کە دانوستان بوەستێت، بۆیە ئەنەکەسەش داوای کرد کە داوای لێبوردن لە ئێمە بکەن و کەشێکی لەبار هەبێت بۆ ئەوەی دانوستان دەست پێ بکەنەوە.''

جەدعان عەلی گوتیشی: "ئێستا ئەمەریکا ھاتووەتە سەر خەت و سوورە لەسەر ئەوەی بە زووترین کات دانوستانەکان دەست پێ بکەنەوە، بەڵام پێویستە ئەمەریکا کەشێکی گونجاو بۆ دانوستانەکان بڕەخسێنێت، چونکە ناکرێت بەم ھەموو تەشەنوجاتەوە دانوستان بکرێت، پێویستە پەیوەندی خۆش بێت بۆ ئەوەی دانوستانی ئیجابی بکرێت."

عەلی باسی لەوەش کرد: "لە ماوەی ڕابردوو چەند هەنگاوێکی گرنگ نراوە، وەکو ڕێککەوتنی سیاسی و لێڤەگەڕی باڵا و، ماوەتەوە لە بواری ئیداری و سەربازیدا بگەنە ڕێککەوتن و ئەگەر دانوستان دەست پێ بکەنەوە لەسەر ئەو خاڵانە دەبێت، کە ڕێککەوتن لەسەر ھەموو خاڵەکانیش کرا ئەوکات بەیانی کۆتایی لەبارەی ڕێککەوتنەوە ڕادەگەیەندرێت و ئەمەریکاش چاودێریی پرۆسەی دانوستانەکان دەکات و سوورە لەسەر ئەوەی لایەنەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بگەنە ڕێککەوتن."

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار