٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زێباری بۆ KDP: ھاوپەیمانان ھەست بە مەترسیی زۆر و جیددیی داعش ده‌كەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ژمارەی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا زۆر زیادی كردووە، لە عێراقیش لە ناوچە كوردستانییەكان داعش سوودی لە بۆشایی ئەمنیی نێوان ھێزە عێراقییەكان و ھێزی پێشمەرگە وەرگرتووە و، حكوومەتی عێراقیش نایەوێت لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە ئەو ناوچانە پڕبكاتەوە، بۆ ئەوەی مەترسی نەمێنێت.

بابەكر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ھاوپەیمانان ئەگەر ھەست بە مەترسیی زۆر و جیددیی داعش نەكەن مۆڵگەكانیان بۆردوومان ناكەن، بۆیە ھەست بە مەترسیی جیددی دەكەن و دەزانن ژمارەیان زۆر بووە و بەردەوامیش مەترسییەكەیان زیاتر دەبێت، بۆیە داعش بۆردوومان دەكەن.

زێباری گوتیشی: "ھۆكاری زیادبوونی داعش، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ناكۆكی لە نێوان حكوومەتی عێراق و بەشێكی زۆری پارێزگاكان ھەیە، جگە لەوەش، بەپێی زانیاریی ئێمە ژمارەی چەكدارانی داعش لە سووریا و عێراق زۆر زیادی كردووە و لە سووریاش كێشەی زۆریان لەگەڵ وڵاتان ھەیە، ئەمەش وای كردووە ژمارەی چەكدارانی داعش لەوێش زیاد ببێت".

زێباری ڕوونیشی كردەوە، ناوچەكانی نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكان، ناوچەی زۆر بەزەحمەتن و چیایین، وەكو ناوچەی قەرەچووغ و ناوچەكانی دیكە و داعشیش بە ھۆی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە، خۆی رێك خدەخاتەوە و ئامادەكاریی خۆی دەكات و دووبارە رێكخستنەكانی خۆی دروست دەكاتەوە و پلانەكانیان دادەنێن و گومرگ وەردەگرن و ھاتوچۆ دەكەن، چونكە بۆ ئەوان شوێنێكی ئارامە، بۆیە ئەمە ھۆكاری دووبارە سەرھەڵدانەوەی داعشە.

دەشڵێ، داعش لەناو ناوچەكانی ھێزەكانی عێراقە لە گوندە سونییەكان و بە رۆژ لەگەڵ ئەواندایە و بە شەو داعشن، بۆیە پێویستە ئەو ناوچانە بە ھێزی ھاوبەش پڕ بكرێنەوە، بەڵام حكوومەتی عێراق نایەوێت، چونكە تا ئێستا رازی نین لیژنەی ھاوبەش دروست بكەن، بۆیە تەنها ھەوڵ ھەیە و ھێشتا نەبووەتە كردار.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار