هاوپەیمانان سەردانی سەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگە دەکەن

مەخموور-KDP.info- شاندێکی سەربازی هاوپەیمانان بە مەبەستی ھەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی سەردانی سەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگەیان کرد و لەلایەن سیروان بارزانییەوە پێشوازییان لێکرا.
ئەمڕۆ شەممە شاندێکی سەربازی ھاوپەیمانان کە پێکھاتبوون لە راوێژکارانی ھەر یەک لە وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، كەنەدا، ھۆڵەندا و فینلەدا سەردانی بارەگای میحوەری (6)ـی سەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگەیان کرد.
سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور - گوێڕی هێزی پێشمەرگە لە پەڕەی فەیسبووکی خۆی لەبارەی سەردانەکەوە رایگەیاند: "شاندەکە بە سەرپەرشتیی کۆلۆنێل لایێنچ، بەرپرسی ھێزە تایبەتیەکانی ئەمریکا لە عێراق و کۆلۆنێل ویلیامس، بەڕێوەبەری سەنتەری ھاوئاهەنگی ھاوپەیمانان لە کوردستان و کۆلۆنێل کلین، فەرماندەی دەستەی باڵای سەنتەری راوێژکارانی ھاوپەیمانان لە کوردستان بووە".
لەبارەی ئامانجی سەردانەکە سیروان بارزانی دەڵێت: "سەردانەکە بە مەبەستی ھەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی و گرتنەبەری رێکار و ھەنگاوی پێویست بۆ وەڵامدانەوەی ھەر جووڵە و کردەیەکی تیرۆریستانی داعش بووە".
لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی رابردووش، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان 28 جار داعشیان بۆردوومانکرد و 10 بنکەیانی خاپوورکرد.
لە ماوەی چەند مانگی رابردووشدا جموجۆڵی چەکدارانی داعش لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و داعش بەردەوامە لە هێرش و پەلامار و دانانەوەی بۆسەکانی.




