٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتی بە بۆنەی(٥١)ەمین ساڵیادی رێككەوتننامەی (١١ـی ئاداری ١٩٧٠)

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی(٥١)ەمین ساڵیادی رێككەوتننامەی (١١ـی ئاداری ١٩٧٠) په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئەو رێككەوتننامەیە بەرهەم و دەرەنجامی خەبات و تێكۆشانی ساڵەهای ساڵەی رۆڵەكانی گەلەكەمان و پێشمەرگە دلێرەكان بوو. 

ده‌قی بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی(٥١)ەمین ساڵیادی رێككەوتننامەی (١١ـی ئاداری ١٩٧٠)

رێككەوتننامەی (١١ـی ئادار)ی مێژوویی، پێش (٥١)ساڵ لەنێوان حكوومەتی ئەوسای عێراق و سەركردایەتی شۆڕشی كورد بەرابەرایەتی بارزانی نەمر مۆركرا، ئەو رێككەوتننامەیە بەرهەم و دەرەنجامی خەبات و تێكۆشانی ساڵەهای ساڵەی رۆڵەكانی گەلەكەمان و پێشمەرگە دلێرەكان بوو. 

رێككەوتننامەی(١١ـی ئادار) وەك بەڵگەنامەیەكی مێژوویی، بایەخ و كاریگەری خۆی هەبوو بەسەر رەوتی بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەییمان و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانمان، هەروەها لاپەڕەیەكی دیكەی ئەو سەروەریانە بوو لە مێژووی كورد و پارتیمان بە سەرۆكایەتی بارزانی نەمر بۆ پێداگریی و سووربوون لەسەر گەیشتن بە مافە رەواكانمان.

ئەمڕۆ لە رۆژمێری پڕ لە شانازی بۆنەكانی ئادار و نەورۆزدا یادی رێككەوتننامەی (١١ـی ئاداری ١٩٧٠) دەكەینەوە، ئەو رێككەوتننامەیەی لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازی كوردستاندا گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە، لەبەرئەوەی یەكەمجار بوو حكوومەتی عێراق دان بنێت بە مافە سیاسی و نەتەوەیی و ئیداریی و كەلتورییەكانی گەلی كورد و چارەسەركردنی كێشەی كورد بە رێگەی ئاشتیانە و گفتوگۆ.

رێككەوتننامەی (١١ـی ئادار)ی مێژوویی، وەك دەستكەوتێكی مەزن، دەرفەت و زەوینەی ئاشتەوایی و سەقامگیریی و ئاوەدانكردنەوەی لە عیراق رەخساند، ئەمەش دەلالەتی حیكمەت و دووربینی و پلانڕێژیی سیاسەتی بارزانی نەمر و سەركردایەتییەكەی بوو، كە حكوومەتی عێراقی ئەوسای ناچاركرد بەپێی ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتننامەیە ملكەچ بكات بۆ داوا و مافە رەواكانی گەلی كورد و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان. 

رێكەوتننامەی (١١ـی ئادار) لەرووی مێژووییەوە گرنگی و بایەخی لەوەدایە بە یەكەم بەڵگەنامە دادەنرێ لەرووی یاساییەوە كە بۆ یەكەمجار تیایدا بە رەسمی دان نراوە بە مافە نەتەوەیییەكانی گەلی كورد و بڕیاردان لەسەر مافی ئۆتۆنۆمی لە كوردستانی عیراق و زمانی كوردیش دووەم زمانی فەرمی بێ لەعێراقدا، جگە لە چەندین دەسكەوتی دیكەی گرنگی ئیداری و فەرهەنگی و رۆشنبیریی. 

رێككەوتننامەی (١١ـی ئاداری ١٩٧٠) لە رێگەی دانوستانی ئاشتیانە و دیموكراسیانە بناغەیەكی راست و دروستی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد بە پێی هەلومەرجی ئەوسا داڕشت، مەبەست لەو هەنگاوەش تەنیا كۆتایی هێنان نەبوو بە شەڕ و كوشتار و ململانەی خوێناوی، بەڵكو چەند بڕیارێكی مەبدەئی و راستیشی دا سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتیی لە عێراق و دواڕۆژی كێشە نەتەوایەتییە چارەنووسسازەكانی چەسپاند، هەروەها دەروازەیەكی دیكەی گرنگیش بوو بۆ دەستەبەركردنی ماف و داخوازییەكانی پێكهاتە و نەتەوەكانی دیكەی وەك توركمان و كلدان سریان ئاشووری.

ئەو رێككەوتننامەیە، كە دەسكەوتێكی بایەخداری شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بوو،  هەرچەندە لە هەر دوو لایەنی ناوەخۆ و دەرەكیەوە دژایەتی دەكرا، بەڵام لە سەر هەردوو ئاستدا سەدا و دەنگدانەوەی خۆی هەبوو، لەسەر ئاستی ناوخۆوە دەسكەوتێكی دیكە بوو بۆ دەنگە ئازاد و دیموكراسی و پێشكەوتنخوازەكان بۆیە پێشوازیەكی گەرمی لێكراو لەسەر ئاستی دەرەوەشدا رای گشتی جیهانی وروژاند و نێوەندە عەرەبی و جیهانیەكان بە هەنگاوێكی گرنگ و بەسوودیان بۆ گەلان و نەتەوەكانی عێراق لەقەڵەم دا. 

سەركردایەتی پارتیمان سوور بوو لەسەر جێبەجێكردنی بەندەكانی رێككەوتننامەكەو پێی وابوو سەرەتای قۆناغێكی نوێیە بەرەو گۆڕانكاری ئەوتۆ لەرەوشەكە و ژیانی هاووڵاتیان و پێشكەوتن و گوزەرانیان، كەچی رژێمی بەعس بە پێچەوانەوە تادەهات لەبەندەكانی پاشگەز دەبۆوە لەوانەش نكوڵیكردن لە شوناسی نەتەوەیی و كوردستانیبوونی كەركووكی دڵی كوردستان و ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتوان لەو ناوچانەی زۆربەی دانیشتوانەكەی كوردن، كە دەبوایە بەپێی دەستوور سەرژمێریان تیا ئەنجام بدرایە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو رێككەوتننامەیە بوو بەبناغەیەك بۆ تەواوی پرۆسەكانی دیالۆگ و گفتوگۆ، كە شۆڕشی كورد لەگەڵ حكوومەتی عێراق كردوویەتی و بوو سەرچاوەیەكی بەهێزی راپەڕینە شكۆدارەكەی ساڵی (١٩٩١)یش.

رێکەوتی راگەیاندنی رێككەوتننامەی(١١ـی ئاداری ١٩٧٠)هاوكاتە لەگەڵ رۆژ ژمێری ئازادكردنی شاری هەولێر لە (١١ـی ئاداری ١٩٩١) هەر بەو بۆنەیەوەش پیرۆزباییەكی گەرم و ئەمەكدارانە لە رۆڵە خۆراگرەكانی شاری دێرینی هەولێر، شاری برایەتی و لێبووردەیی و وەفاداریی دەكەین، شاری شارستانیەت و رەسەنایەتی و پێشكەوتن لەگشت بوارێكدا.

بەو بۆنەیەوە و وێرای جارێكی دیكەی پیرۆزباییمان لە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و گەلی كوردستان، بەدەرفەتی دەزانین دووپاتی بكەینەوە كە  ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هەمیشە بەردەوام دەبین لەسەرهەمان رێبازی كوردایەتی و پارتایەتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و پێدادەگرین لەسەر یەكڕیزیی و یەكگوتاری سیاسی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بۆ پاراستن و بەھێزکردنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و، دابینكردنی تەواوی مافەكانی گەلەكەمان كە بەپێی دەستوور دانیان پیانراوە و چەسپاون، لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهانیش زیاتر جەخت دەكەینەوە سەر كار و كۆششی بەردەوام لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسیەوە بۆ وەدیھێنانی تەواوی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان.

سڵاو لەبیرەوەری پەنجاویەك ساڵەی رێككەوتننامەی (١١)ی ئاداری مێژوویی..

نەمریی و سەربەرزیی بۆ شەهیدانی رێگای رزگاریی كورد و كوردستان..

 سڵاو لە گیانی پاكی بارزانی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە لەیاد..   

بەرز و شەكاوە بێت ئاڵای پیرۆزی كورد و كوردستان..

 

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

١١ـی ئاداری ٢٠٢١

 

هەواڵی پەیوەندیدار