ئەمساڵ زۆرترین پڕۆژە جێبەجێ دەکرێت
__2021_03_10_h17m17s34__HK.jpg)
ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری چاککردنەوەی ڕێگاوبانی ھەولێر گوتی، ژمارەیەکی زۆری پڕۆژەی چاککردنەوەی ڕێگا و پردەکان ئامادە کراون و ئەمساڵ زۆرترین پڕۆژە جێبەجێ دەکرێت و ئەو ڕێگا و پردانەی بەھۆی بارانەوە تێک چوون، نۆژەن دەکرێنەوە.
بەڕێوەبەری چاککردنەوەی ڕێگاوبانی ھەولێر، عیماد دڵشاد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پڕۆژەیەکی زۆر لە سنووری پارێزگای ھەولێر ئامادە کراون و پێشبینیش دەکرێت لە ساڵانی ڕابردوو زۆر زیاتر جێبەجێ بکرێن، چونکە ژمارەیەکی زۆری پڕۆژەی ڕێگاوبانمان ئامادە کردووە."
عیماد دڵشاد گوتیشی: ''سێ جۆر پڕۆژە ھەیە جێبەجێ دەکرێن، ھەیە پەیوەندیی بە پارێزگای ھەولێر ھەیە و ھەشە پەیوەندیی بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ھەیە و ھەشە پەیوەندیی بە قەپانەوە ھەیە بۆ ڕێگا سەرەکییەکان بەکار دێت."
دڵشاد باسی لەوەش کرد: ''ئێستا ٢٧ پڕۆژە لەسەر بودجەی پارێزگای ھەولێر بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکان ئامادە کراوە و تەنھا ماوە دەستیان پێ بکەین و لە ماوەیەکی نزیکدا دەست پێ دەکەین."
بەڕێوەبەری چاککردنەوەی ڕێگاوبانی ھەولێر ڕوونیشی کردەوە: "٢٤ پڕۆژەی گەورەی ڕێگاوبانیش ئامادە کراوە لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، ئەمانە پڕۆژەی خێران و ھەرکاتێک ڕەزامەندییان لەسەر درا دەست بە جێبەجێکردنی ئەوانیش دەکرێت."
گوتیشی: ''جگە لەوەش کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکەمان ھەیە کە پێیان دەگوترێت پڕۆژەی ئاسایی، ئەوانیش بڕیارە جێبەجێ بکرێن.''
دڵشاد عیماد باسی لەوەش کرد: ''ھەمووی ئەو جادانەی بەھۆی وەرزی بارانەوە تێک چوون، نۆژەن دەکرێنەوە و پردەکانیش بە ھەمان شێوە و تەنھا ئەمساڵ ئەو پردانەی تێک چوونە و چاک کراونەتەوە نزیکەی ١٣ پردن.''
بڵند ئیبراھیم




