وەزارەت: پلانێكی ستراتیژیمان داناوە بۆ زیادكردنی بەرھەمی كارهبا

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو پێدانی كارەبا بە ھاووڵاتیان لە ھەموو ساڵێك باشتر بوو. دەشڵێ، ئێستا رۆژانە سەرووی ١٦سەعات كارەبا دەدەنە ھاووڵاتیان و پلانیشیان داناوە بەرھەمی كارەبا بگەیەننە حەوت ھەزار مێگاوات.
ئومێد ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ئەم زستانە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، لە ھەموو ساڵێك كارەبا باشتر بوو و ئەم مانگەش لە مانگی دوو باشتر دەبێت، چەندیش كەشوھەوا بەرەو گەرمی بچێت، دۆخی كارەبا باشتریش دەبێت، چونكە ئامێری گەرمكەرەوە كەمتر بەكار دێت، بۆیە ئێستا سەرووی ١٦سەعات كارەبا دەدرێتە ھاووڵاتیان و زیاتریش دەبێت.
ئەحمەد گوتیشی: "پلانێكی ستراتیژیمان داناوە، بۆ ئەوەی بە بەردەوامی كار بكەین و پڕۆژە ئەنجام بدەین بۆ زیادكردنی بەرھەم، چونكە ژێرخانی ھەرێم زۆر دەوڵەمەندە و بڕیارە بەرھەمی كارەبای ھەرێمی كوردستان بگەیەندرێتە حەوت ھەزار میگاوات، كە ئێستا گەیشتووەتە نزیكەی ٣ھەزار و٨٠٠ مێگاوات".
ناوبراو باسی لەوەش كرد، زیادكردنی ئەو بەرھەمەش لە رێگەی دروستكردنی وێستگەی تازەیە و هەروەها و ئەو وێستگانەی غازیان نییە، غازیان بۆ دابین دەكەین، تاوەكو ئەو پلانەی دامانناوە وەكو خۆی جێبەجێی بكەین، چونكە بڕیارە وێستگەی ١٦٥مێگاواتیی گەرمیان لە مانگی پێنجدا بەشێكی بكەوێتە كار.
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا دەشڵێ: "لە ئێستادا ژێرخانەكەمان بۆ زیادكردنی بەرھەمی كارەبا بۆ حەوت ھەزار مێگاوات ئامادەیە و، بە قۆناغ بەرھەم زیاد دەكەین، تا دەگاتە ئەو ئاستە".
بڵند ئیبراھیم




