لیوا عەبدولخالق بۆ KDP: لیژنەكانی دروستكردنی ھێزی ھاوبەش دەستبەكار دەبن

هەولێر-KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە ژووری ھاوبەشی ئۆپەراسیۆنی عێراق رایگەیاند، چوار لیژنە بۆ دەستنیشانكردنی ئەو شوێنانەی كە پێویستیان بە ھێزی ھاوبەش ھەیە، پێك ھێندراون و بڕیارە ئەم ھەفتەیە دەستبەكار ببن و شوێنەكان دیاری بكەن، كە لە ھەر ناوچەیەك چەند شوێنێك پێویستیان بە ھێزی ھاوبەش ھەیە.
لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، چوار لیژنە بۆ ناوچە كوردستانییەكان دروست كراون، بۆ ئەوەی ئەو شوێنانە دیاری بكەن كە پێویستیان بە ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق ھەیە و ناوی كەسەكانی ھەردوولاش دراون و دروست كراون، هەروەها لیژنەكانیش دیاری دەكەن چ شوێنێك پێویستی بە ھێزی ھاوبەش ھەیە.
تەڵعەت گوتیشی، چوار لیژنە دروست كراون بۆ دیالە و كەركووك و سحێلا و مەخموور لە سنووری پارێزگای مووسڵ و، سەرەتا لە دیالە دەست بە كارەكان دەكەن و بڕیاریشە ھەر ئەم ھەفتەیە لیژنەكان دەست بە كارەكانی خۆیان بكەن.
نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە ژووری ھاوبەشی ئۆپەراسیۆنی عێراق باسی لەوەش كرد، ژووری ئۆپەراسیۆنی عێراق، بە ھاوبەشی لەگەڵ پێشمەرگە ئەو كارە ئەنجام دەدەن، چونكە كاتی ئەوە ھاتووە لەو شوێنانەی بۆشایی ئەمنی ھەیە، ھێزی ھاوبەش پڕیان بكاتەوە.
بڵند ئیبراھیم




