٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە ھەولێر یەکەی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی خوێندنی باڵا دروست دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بڕیارە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون تایبەت بە فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دروست بکرێت و بەرپرسێکی وەزارەتەکەش دەڵێت، پڕۆژەکە پێک ھاتووە لە ٢٠٦٠ یەکەی نیشتەجێبوون و مەرجی سەرەکیش ئەوەیە سوودمەندبوو فەرمانبەری ھەمیشەییی وەزارەتی خوێندنی باڵا بێت.

د. داود ئەترۆشی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی بیناسازیی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی وەبەرھێنان یەکەی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دروست بکرێت، پڕۆژەکە خانوو و شوقە لەخۆ دەگرێت و پێشتر کاری بۆ کراوە، مەرجی وەرگرتنیش ئەوەیە کەسی سوودمەندبوو فەرمانبەری ھەمیشەییی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بێت و نیشتەجێی شاری ھەولێر بێت."

بەرپرسەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەشڵێت: "لە ڕێگەی پڕکردنەوەی فۆڕم فەرمانبەرانی وەزارەت دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن و بە گوێرەی مۆڵەتی پڕۆژەکە لە مانگەکانی داھاتوو دەست بە دروستکردنی یەکەکان دەکرێت."

د. داود ئەترۆشی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕاستە پڕۆژەکە بۆ فەرمانبەرانی خوێندنی باڵایە، بەڵام لە شارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان ئەگەر داواکاری ھەبێت دەتوانین پڕۆژە دابین بکەین، تەنیا ئاستەنگی بەردەم پڕۆژەکە نرخی یەکەکانە بۆ فەرمانبەران، پڕۆژەکەش تەنیا بۆ فەرمانبەرانە نەک مامۆستایانی زانکۆ."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار