دەستەی وەبەرھێنان: پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان ٣٥% کەرتی وەبەرھێنان پێک دێنێت
__2021_03_09_h14m48s51__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، تا ئێستا ئەو دەستەیە مۆڵەتی داوەتە ٢٣١ پڕۆژە لە کەرتی پیشەسازی بە جۆرێک ڕێژەی ٣٥%ی قەبارەی وەبەرھێنانی لە ھەرێمی کوردستان پێک ھێناوە و، لە کۆی ئەو پڕۆژانەش زیاتر لە ١٢٠ پڕۆژەی پیشەسازی تەواو بوونە و بەرھەمەکانیان لە بازاڕ بەردەستن کە زیاتر لە ١٠٥ جۆری بەرھەم لەخۆ دەگرێت و دەیانەوێت ڕێژەی ھاوردە کەم بکەنەوە و بەرھەمی ناوخۆ زیاد بکەن، ئەوەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دەستەی وەبەرھێنان کە کۆپییەکیان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ناردووە، ئامانجی ئەم بڵاوکراوەیە خستنە ڕووی چەند پڕۆژەیەکی پێویستی ھەنووکەیی و ستراتیژیی پیشەسازییە بۆ ئەوەی لە داھاتوویەکی نزیکدا بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر لە حکوومەتی ھەرێم وەک ھەلی ئامادەکراوی وەبەرھێنان بخرێتە بەردەستی وەبەرھێنەران و ھاوکات ڕەخساندنی ھەلی یەکسانە بۆ ھەموو ھەرێمی کوردستان کە دەوڵەمەندی و ھەمەجۆریی سامانە سرووشتییەکان وای کردووە گونجاو و لەبارتر بێت بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی پیشەسازی. پێش ساڵی ٢٠٠٦ ژمارەی کارگەکان زۆر کەم بوون، بەڵام دواتر بەھۆی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و زیادبوونی ڕێژەی دانیشتووان و بوونی سەقامگیریی ئەمنی و ئابووری و پرۆسەی بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوە خواست لەسەر کەلوپەل و بەروبوومەکان چەندین بەرانبەر زیادیان کردووە و بڕی ھاوردە زیاتر بووە، بەم ھۆیەوە دەستەی وەبەرھێنان و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی کوردستان دەستیان کرد بە بەپێدانی مۆڵەت بە مەبەستی دامەزراندنی کارگەکان بە جۆرێک ژمارەی کارگە و دامەزراوە پیشەسازییەکان لە ساڵی ٢٠١٨ گەیشتە ١١٩ دامەزراوەی پیشەسازیی گەورە و ٤٣١ دامەزراوەی پیشەسازیی مامناوەند و ١٠ ھەزار و ٣٨٧ پڕۆژەی پیشەسازیی بچووک.
ئەوەش خراوەتە ڕوو: "تا ئێستا دەستەکەمان مۆڵەتی داوەتە ٢٣١ پڕۆژە لە کەرتی پیشەسازی بە جۆرێک کە ڕێژەی ٣٥%ی قەبارەی وەبەرھێنانی لە ھەرێمی کوردستان پێک ھێناوە و لە کۆی ئەو پڕۆژانەش زیاتر لە ١٢٠ پڕۆژەی پیشەسازی تەواو بوونە و بەرھەمەکانیان لە بازاڕ بەردەستن کە زیاتر لە ١٠٥ جۆری بەرھەم لەخۆ دەگرێت."
لە ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی وەبەرھێناندا ھاتووە، ئەم ئامار و داتایانەی لەو بڵاوکراوەیەدا ھاتووە پشتیان بەستووە بە ھاوردەی شمەک لە بازاڕەکانی ھەرێم و ئامانجی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەم کەرتەدا جێبەجێکردنی پڕۆژەی پیشەسازییە لە دروستکردنی کارگەی ھەمەجۆری گەورە و بچووک بەپێی پێویستییەکانی بازاڕ، تا لەم ڕێگەیەوە ھاوردەکردن کەم بکەینەوە و بەرھەمی ناوخۆیی زیاد بکرێت و بگاتە ئاستێك کە پێویستیی ناوخۆ پڕ بکاتەوە و ھاوردەکردنی ئەو شمەکانە ڕابگیرێت کە لە ناوخۆ بەرھەم دەھێندرێت."
باسی لەوەش کردووە: "بۆ پارێزگاریکردن لە کارگە و پڕۆژەی پیشەسازی و بەرھەمە ناوخۆییەکان و پێویستییەکانی خەڵک و بازاڕ و بەکاربردن و ھۆکانی بەرھەمھێنانی، وەک دەستەی وەبەرھێنان لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ھەوڵی دامەزراندنی بۆردێکی پسپۆڕی ھەمیشەییداین تا لەمەودوا بە داتا و زانیاری و ئاگاییی بازاڕ، پلانێکی تۆکمە دابنرێت بۆ گەشەپێدانی پڕۆژە پیشەسازییەکان و بەرھەمە خۆماڵییەکان و، ھەموو ئەمانەش لەپێناو خۆماڵیکردنی ئابووری و جێبەجێکردنی پلان و کارنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەوانە فرەچەشنیی بەرھەم و حۆژیینی و سەربەخۆییی ئابووریدایە."
بڵند ئیبراھیم




