٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراكسیۆنی پارتی: پشتگیری لەو دەقە دەكەین كە لەلای حكوومەتەوە هاتووە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە لە دانیشتنی هەفتەی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2021ی عێراق بخرێتە دەنگدانەوە. دەشڵێ: "وەكو كورد هەوڵەكانمان بۆ پەسەندكردنی پشكی هەرێم دەخەینە گەڕ".

د. ڤیان سەبری، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە دانیشتنی دوێنێی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، 150 واژوو كۆكراونەتەوە‌ بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2021ی عێراق، بخرێتە دەنگدانەوە، دیارە هەندێك پەرلەمانتار و لایەنی سیاسی دەیانەوێت بودجەكە بخرێتە دەنگدانەوە، بۆیە سەرۆكی پەرلەمان بڕیاری دا كە لە بەرنامەی كاری دانیشتنی رۆژی دووشەممەی داهاتوودا، بودجە بخرێتە دەنگدانەوە".

 لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستانیش، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: "بۆ پشكی هەرێمی كوردستان لەنێو بودجەدا، تاوەكو ئێستا دەقێكی تر نەهاتووە‌، جگە لەو دەقەی لای حكوومەتی عێراق هاتووە، ئێمەش پشتگیری لەو دەقە دەكەین كە لەلای حكوومەتەوە هاتووە".

سەبری دەشڵێ: "دوێنێ بڕیار دراوە بۆ ئەوەی بودجە بخرێتە دەنگدانەوە، بۆیە ئێمەش دووبارە ئامادەكاریی خۆمان لەم چەند رۆژەدا دەكەینەوە و، هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەری تەواو و پشكی هەرێمی كوردستانیش بپارێزین و وەك خۆی پەسەند بكرێت".

لە ماوەی ڕابردوودا، شاندی دانوستانكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2021ی عێراق و رێككەوتن لەبارەی دابینكردنی شایستە داراییەكان و پشكی هەرێمی كوردستان، سەردانی ‌بەغدایان كرد و، ئامادەیی خۆیان دەڕبڕی بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستانەوە.

 

نەشوان بەرزنجی

   

هەواڵی پەیوەندیدار