٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاکرەیی بۆ KDP: حکوومەت رێگە نادات زیان بەر ھاووڵاتیان بکەوێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران رایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ ھاوردەکردنی سووتەمەنی ھەندێک رێنمایی نوێی دەرکرد بۆ ئەو تەنکەرانەی سووتەمەنی لە ئێرانەوە ھاوردە دەکەن، کە پێویستە ھەر تەنکەرێک لە تاقیگە پشکنین بۆ سووتەمەنییەکەی بکات دواتر ھاوردەی بکات، لە ئێستادا ١٣٠تەنکەر پشکنینی کردووە و زیاتر لە ھەزار و٥٠٠تەنکەری دیکەش چاوەڕێن ئەوانیش پشکنین بکەن و سووتەمەنی ھاوردەی ھەرێم بکەن.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دوای ئەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە پێناو سەلامەتیی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و ھاوردەکردنی سووتەمەنیی باش بۆ ھەرێم، چەند رێنماییەکی تازەی دەرکرد، ماوەیەک رێگری لە تەنکەری ھاوردەی سووتەمەنی کرا بێن بۆ ھەرێمی کوردستان تا رێنماییەکان جێبەجێ بکەن، کە گرنگترین رێنماییش ئەوە بوو تاقیگەیەکی پشکنین لە خاڵە سنوورییەکان دانراوە پێویستە ئەوەی سووتەمەنی ھاوردە بکات، پشکنین بۆ سووتەمەنییەکە بکات و ئەگەر لە پشکنین دەرچوو، ئەوکات دەتوانێ سووتەمەنییەکە ھاوردە بکات، بە پێچەوانەوە رێگری لێ دەکرێت، چونکە دەرکەوتووە سووتەمەنییەکە بەشێکی نەخۆشی کوشندەی لێ دروست دەبێت، یان گڕ لە ئۆتۆمبێلەکان بەردەدات، حکوومەتی ھەرێمیش رێگە نادات زیان بەر ھاووڵاتیان بکەوێت.

ئاکرەیی گوتیشی، لە ئێستادا کێشەکە بەو جۆرە چارەسەر کراوە و تەنکەرەکان بێن پشکنین لە تاقیگەی سەر سنوور بکەن و دواتر بێن بۆ ھەرێمی کوردستان، لە ئێستاشدا پشکنین دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستا ١٣٠تەنکەر پشکنینی بۆ کراوە و ھاتوون بۆ ھەرێمی کوردستان، هەروەها زیاتر لە ھەزار و٥٠تەنکەری دیکە ماون، کە ئەوانیش پشکنین بکەن دێنە ھەرێمی کوردستان و ھیچ گرفتێک نامێنێت.

ئاکرەیی باسی لەوەش کرد، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بێ ھۆکار رێگری لە کەس ناکات و ئەوەی دەیکات بۆ سەلامەتیی ھاووڵاتیانی خۆی دەیکات، چونکە ناکرێت کارێک زیانی بۆ خەڵک ھەبێت و رێگەی پێ بدرێت.

 

بڵند ئیبراھیم  

 

هەواڵی پەیوەندیدار