وەزیر بۆ KDP: ١٨٠ھەزار ڤاکسینی دیکە دەگاته ھەرێمی کوردستان

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیارە ھەفتەی داھاتوو وەجبەی دووەمی ڤاکسین بگاتە ھەرێمی کوردستان، کە زیاتر لە ١٨٠ھەزار ڤاکسین دەبێت و بەپێی رێنماییەکان دابەش دەکرێن.
دکتۆر سامان بەرزنجی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دوای ئەوەی وەجبەی یەکەمی ڤاکسین گەیشتە ھەرێمی کوردستان و دەست بە دابەشکردنی کرا و بەکار ھات، بڕیارە ھەفتەی داھاتوو حکوومەتی عێراق وەجبەی دووەمی ڤاکسین بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە بکات، چونکە حکوومەتی عێراق ڤاکسینی کڕیوە و پشکی ھەرێمی کوردستانیش لەو ڤاکسینەدا ھەیە.
وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی، بڕیارە ھەفتەی داھاتوو ڤاکسین بگاتە ھەرێمی کوردستان، کە ١٨٠ھەزار ڤاکسین زیاترە و دەکاتە دووەم وەجبەی ھاتنی ڤاکسین بۆ ھەرێمی کوردستان.
بەرزنجی باسی لەوەش کرد، ھەر کاتێک ڤاکسینەکە گەیشت، ئەوکات بەپێی رێنماییەکان دەست بە دابەشکردن و بەکارھێنانی ڤاکسینەکە دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




