"ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژیی گەشتیاری جێبەجێ دەکرێن"

بەپێی پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆرترین پڕۆژە بۆ کەرتی گەشتوگوزار دیاری کراون و گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاریش دەڵێت، بەشێک لەو پڕۆژانە ستراتیژین و کاریگەرییان لەسەر کەرتی گەشتوگوزار دەبێت.
نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی دەستەی وەبەرھێنان بڕیارە ٢٣٠ پڕۆژە لە کەرتی گەشتیاری جێبەجێ بکرێن و مۆڵەت بەو پڕۆژانە دەدرێت کە وەبەرھێنەران دەیانەوێ کاری تێدا بکەن، چونکە گرینگی بە ژمارەیەک کەرت دراوە لەوانەش کەرتی گەشتوگوزار."
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار دەشڵێت: "ژمارەیەک لەو پڕۆژانەی بڕیارە لە کەرتی گەشتوگوزار جێبەجێ بکرێن، پڕۆژەی ستراتیژین، لەوانەش پڕۆژەی تەلفریکی چیای سەفین و پڕۆژەیەک لە قەزای دووکان و پڕۆژەی گەشتیاریی چیای زاوا لە شاری دھۆک."
نادر ڕۆستی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە کاریگەریی لەسەر گەشەکردنی کەرتی گەشتوگوزار دەبێت، چونکە دەبنە ھۆی ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران و بەرفراوانبوونی کەرتی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان کە ساڵانە گەشتیار لە ھەموو ناوچەکانی عێراق و دەرەوەشەوە سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن."
قائید میرۆ




