٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی هەشتی مارس

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا بە بۆنەی 8ی مارس رۆژی جیھانی ئافرەتان رایگەیاند "حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بە رووبەڕووبوونەوەی هەر جیاکارییەکی رەگەزی و پەراوێزخستنی رۆڵی ئافرەتان، دووپاتدەکاتەوە. پشتیوانیی لە رۆڵی کارا و شایستەی ئافرەتانی کوردستان دەکەین لە بوارە جیاکانی کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی حکومەتدا".

دەقی پەیامی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان:

لە یادی هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئافرەتانی کوردستان و جیهان دەکەم. بە پێزانینەوە لە خەبات و تێکۆشانی ئافرەتانی کوردستان دەڕوانین لە پێناو یەکسانیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا. 

بەشداریی ئافرەتانی کوردستان، لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و داگیرکاریدا، مایەی شانازییە و ئافرەتانی کوردستان، هەمیشە نموونەی قوربانیدان و خۆڕاگری و داکۆکیکردن بوون لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان. 

حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جیاکارییەکی ڕەگەزی و پەراوێزخستنی ڕۆڵی ئافرەتان، دووپات دەکاتەوە. پشتیوانیی لە ڕۆڵی کارا و شایستەی ئافرەتانی کوردستان دەکەین لە بوارە جیاکانی کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی حکومەتدا، لە چوارچێوەی داکۆکیکردنمان لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ئافرەتان بە تایبەتی، بە ئاراستەی بنبڕکردنی تووندوتیژی و چەسپاندنی بنەماکانی یەکسانیی و لێبوردەیی لە ناو خێزان و کۆمەڵگەدا. 

شکۆدار بێت هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان. 

هیوای سەرکەوتن بۆ خەباتی ئافرەتانی کوردستان دەخوازم.  

 

مەسرور بارزانی 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

 

هەواڵی پەیوەندیدار