٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشمەرگە پارێزەری راستەقینەی تەواوی پێكهاتەكانە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- فەرماندەیەكی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، هەمیشە كورد هەوڵی داوە پێكەوەژیانی ئایینی ببێ بە یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی حوكمڕانی لە كوردستان. دەشڵێ، هێزەكانی پێشمەرگە یەكەم زەنگی ئاشتییان لێدا و نەیانهێشت خاچ بكەوێت.

بەهجەت سێلكی، ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگەیە، كە لە كاتی رزگاركردنی باشیكدا، كاتێك چەكدارانی داعش كڵێسایان رووخاندبوو و خاچەكەیان هێنابووە خوار، لەگەڵ پیشمەرگە قارەمانەكان جارێكی تر خاچیان لەسەر كڵێساكە هەڵدابوو.

سێلكی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی ئەو ڕووداوە دەكات و دەڵێ: "ئێمە ئەوكاتەی باشیكمان رزگار كرد، تەنیا بۆ ئەم رۆژە نەبوو بڵێین ئێمە وامان كردووە، بەڵكو دەمانەویست پەیامێك بگەیەنینە جیهان كە پێشمەرگە پارێزەری راستەقینەی تەواوی پێكهاتەكانە".

ئەو فەرماندەیە گوتیشی: "ئەوەی ئێمە كردمان، بەردەوامیدانی پرۆسەی لیبووردەیی و پێكەوەژیانی ئایینی بوو لە كوردستان، ئێمە دەمانزانی لە شەڕی داعشدا زەرەرمەندی یەكەم مەسیحی و ئێزدییەكان بوون و دەمانەویست جارێكی تر دووچاری هیچ كۆمەڵكوژییەك نەبن".

ناوبرو ئاماژەیشی دا، كاتێك داعش ناوچە كریستیاننشینەكانی داگیر كرد، كریستیانەكان تەنیا كوردستانیان بە شوێنی پاراستنی خۆیان زانی و هەموویان هاتنە هەرێمی كوردستان و هەرێمیش بە دڵ و گیان دەرگای بە ڕوویاندا كردەوە وەك خاوەنی ماڵ بوون نەك ئاوارە.

دەشڵێ: "كە باشیكمان رزگار كرد، خاچمان لەسەر كڵێسا بەرز كردووە و یەكەم زەنگی ئاشتی لەسەر دەستی پێشمەرگە لێدرا، ئێستاش بۆ مەسیحییەكان هەرێمی كوردستان پارێزراوترین شوێنە، كە دەتوانن بە ئازادانە بژین و مومارەسەی دابونەرێتەكانیان بكەن".

 

كاروان باعەدری

هەواڵی پەیوەندیدار