فەرماندەیەکی پێشمەرگە: ھەر ناوچەیەک لە داعش پاک بکەینەوە لێی دەمێنینەوە

مەخموور-KDP.info- فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە لە سنووری قەزای مەخموور گوتی، ''ھێزی عێراقی داوای لە ئێمە کردووە بە ھاوبەشی ئۆپەراسیۆن لە سنووری مەخموور لەو ناوچانەی بۆشایییان ھەیە بەڕێوە ببەین و ئێمەش ئەوەمان ڕەت کردووەتەوە، چونکە ئەگەر بچینە ھەر شوێنێک لێی دەمینینەوە و ناکشێینەوە، لەبەر ئەوەی ئامادە نین شوێنێک پاک بکەینەوە و ھێزی عێراقی لێ جێگیر بکرێت و ئێمەش بکشێینەوە.''
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە سنووری قەزای مەخموور، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھاوپەیمانان بەردەوام بە پاڵپشتیی زانیاریی ھێزی پێشمەرگە هێرش دەکەنە سەر مۆڵگەکانی داعش، بەڵام ئەمە چارەسەر نییە و پێویستە ئۆپەراسیۆنی زەمینی بەڕێوە ببەین بۆ ئەوەی بتوانین داعش لە سنووری مەخموور بنبڕ بکەین، ئەگەرنا داعش ھەر دەمینێت و ئێستا جموجۆڵیان زیادی کردووە و بەردەوام بە شێوەی مەفرەزە لە ناوچەکە ھاتوچۆ دەکەن و کردەوەی تروریستی بەڕێوە دەبەن.''
یادگار ئەحمەد گوتیشی: "ھێزەکانی عێراق داوایان لە ئێمە وەکو ھێزی پێشمەرگە کردووە کە ئۆپەراسیۆن دژی داعش لە سنووری مەخموور بەڕێوە ببەین و ئێمەش ڕەتمان کردووەتەوە، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئۆپەراسیۆن بەڕێوە ببەین و بچینە ھەر شوێنێک لێی ناکێشێینەوە، بەڵام پێمان ڕاگەیاندوون ئامادەین ھاوکاریتان بکەین."
ئەحمەد باسی لەوەش کرد: "ئێمە ئامادە نین لەو ناوچانەی بۆشایی ھەیە بچین پاکی بکەینەوە و دواتر بکشێینەوە و ھێزی عێراقی لێ جێگیر بکرێت، بۆیە ئەگەر ئۆپەراسیۆن بکرێت ئێمە بچینە ھەر شوێنێک لێی ناکشێینەوە و حکوومەتی عێراقیش ئەمەی پێ باش نییە، بۆیە ئێمەش بە داواکاریی ئەوان ڕازی نەبووین."
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە باسی لەوەش کرد: "بەھۆی بەردەوامیی ھاتوچۆی مەفرەزەکانی داعش ژمارەی چەکدارانی داعش لە سنووری مەخموور دیار نییە، بەڵام بە بەردەوامی جموجۆڵیان لە ناوچەکە ھەیە."
بڵند ئیبراھیم




